كاروان یاروەیس: سودانی هەوڵدەدات لەبارەی تەوتینەوە بگەن بە چارەسەرێک

12/11/2024
فۆتۆ: 

ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، محەمەد شیاع سودانی بەڵێنیداوە لەژێر رۆشنایی ئەو یاداشتە و ئیمزای پەرلەمانتاران و پێداگری یەکێتی، لەگەڵ حکومەتی هەرێم قسەی جدی بکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەی تەوتین.

كاروان یاروەیس، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، هەفتەی رابردوو، وەک وەفدی یەکێتی (د.خالد شوانی، د. نەرمین مەعروف، کاروان یاروەیس) کە لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبووینەوە و لەبارەی جێبەجێکردنی بڕیاری دادگای باڵای فیدرالی بۆ تەوتین گفتوگۆمان کرد، یاداشتی فراکسیۆنی یەکێتی و ئیمزای سەرۆکی چوار فراکسیۆنی کوردستانی و 138 پەرلەمانتاری عێراقمان پێشکەشکرد، بەڵێنیدا لەژێر رۆشنایی ئەو یاداشتەو ئیمزای پەرلەمانتاران و پێداگری یەکێتی، لەگەڵ حکومەتی هەرێم قسەی جدی بکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە.

ئاماژەبەوەشدەکات، بنەمای سەرەکی تەوتین ئارەزوومەندانەیە نەک ناچاری، وەک چۆن بنەمای سەرەکی بانک متمانەیە لەنێوان بانک و هاوڵاتی. بۆیە پێویستە تەوتین ئارەزوومەندانە بێت زیاتر لە بژاردەیەک هەبێت تا مووچەخۆر هەڵیبژێرێت، سەرۆکوەزیرانی عێراق هەوڵدەدات لەبارەی تەوتینەوە بگەن بە چارەسەرێک، کە هەموولایەک رازی ببن و پيچەوانەی بڕیاری دادگاش نەبێت.

ئەوەشیخستەڕوو، یەکێک تر لەو پرسانە کە گفتوگۆی جدی ئەوێت، ئەوەیە کە بڕی دیاریکراو بۆ مووچەی هەرێم لە بودجە (ئینفاقی فیعلی) تێپەراندووە، هەرچەندە لەرووی یاساییەوە رای تر هەیە و پێیوایە نەخێر کێشەی نیە، کردنەوەی گرێی کوێرەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم دەتوانێ هاوکاری باشتربوونی باری دارایی بێت بۆ هەردوو حکومەت.

كاروان یاروەیس دەشڵێت، خاڵی گرنگ، پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتە لەهەرێم، هەرچی زوو هەنگاوەکانی دەست پێی بکات باشترە، هەم بۆ دۆخی کوردستان و هەم بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیش لەگەڵ حکومەتی فیدرالی، هەڵبەتە بنەمای سەرەکی بۆ دانوستاندنەکان بۆ پێکهێنانی کابینە راشکاوییە، پەند لە کێشە و کەموکورتیەکانی رابوردو وەربگیرێ و دووبارە نەبنەوە.

ئەو پەرلەمانتارە ڕوونیشکردەوە، پێچەوانەوەی ئەوانەی پێش خۆی، سودانی دەیەوێ بەشێک بێت لە چارەسەر هەم لە چارەسەرکردبی کێشەکانی حکومەتی فیدرال و هەرێم، هەمیش لە نزیکردنەوەی لایەنە براوەکانی هەرێم بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ، بەواقعیش ئەمەی کردوە.

دەشڵێت، گرنگە لایەنەکانی هەرێمیش بەرپرسیارانە مامەڵە بکەن لەگەڵ سەردانەکەی سودانی، لەسلێمانی دەتوانرێت راشکاوانە لەگەڵ سودانی گفتوگۆ بکەن لەبارەی تەوتین، بۆئەوەی بڕیاری کۆتایی لەم بارەیەوە بدرێ.