پەیامی نێچیرڤان بارزانی لە سلێمانی

16/11/2024
فۆتۆ: 

ئەمڕۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی شاری سلێمانی کرد و بەشداریکرد لە مەراسیمی دەرچوانی کۆلێژی سەبازی قەڵاچوالان و رایگەیاند، " ئەمڕۆ رۆژێکی تایبەتە بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق".

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەشداریکرد لە مەراسیمی دەرچووانی کۆلێژی سەربازی قەڵاچوالان و رایگەیاند، "مێژووی پێشمەرگە قۆناخێکی پڕ لە شانازییە، ئەمڕۆ رۆژێکی تایبەتە بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق".

ئاماژەی بەوەدا: خوێنی پێشمەرگە لە هەموو شوێنێکی هەرێمی کوردستان تێکەڵ بوو، یەک کەس پرسیاری نەدەکرد کامە سەوزە و کامە زەردە، هەموویان لە پێناو خزمەتکردن بە وڵات و کوردستان دا خوێنیان بەخشی و فیداکارییان کرد و خەباتیان کرد، پێشمەرگەکانمان لە شەڕی دژی داعش سەلماندیان کە لە ئاست بەرپرسیارێتی و نیشتمان دان.

وتیشی: ٤٨ لە دەرچووانی کۆلێژی سەربازیی قەڵاچوالان ژنن، بەشداریکردنی ژنان جێگەی خۆشحاڵییە

سەرۆکی هەرێم باسی لەوەشکرد:  کێشەیەکی وا لە بابەتی مووچە نابینم و ئومێدی چارەسەربوونی تەواوەتی هەیە، بابەتی مووچە تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکانە لەگەڵ بەغداد، هەندێک دواکەوتنی مووچە هەیە، بەڵام کێشەیەکی وا نابینم لە بابەتی مووچە و ئومێدی چارەسەربوونی تەواو هەیە.

راشیگەیاند: چاوەڕوانیان لەم هەفتەیەدا ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن بە رەسمی تەواو ببێت و دوای ئەوە هێزە سیاسییەکان دەست بە گفتوگۆ دەکەن لەگەڵ یەکتر بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ.

لەکۆتایی پەیامەکەیدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان داوای لە لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کرد: "بەرژەوەندیی باڵای نیشتمان لە سەروو هەمووشتێکەوە دابنێن، گفتوگۆیەکی جیدی و بەرپرسیارانە و بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی کارا و بنیادنەر، حکومەتێک وەڵامگۆی داخوازییەکانی خەڵک بێت، بتوانێت بەرەنگاری ئاڵنگارییەکانی ئێستا و داهاتوو ببێتەوە."