بافڵ جەلال تاڵەبانی و قاسم ئەعرەجی لە دەباشان کۆبوونەوە
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازیکرد لە قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عیراق.
لە راگەیەندراوی کۆبوونەوەکەدا هاتووە: لە دیدارێکدا کە جەلال شێخ ناجی، سەرۆکی ئاژانسی پاراستن و زانیاری/زانیاری و هیوا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای ئاسایشی هەرێم ئامادەبوون، پێشهاتە ئەمنی و سەربازییەکان و هەماهەنگیی نێوان هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان و عیراق بە ئامانجی پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە جەختیلێکرایەوە.
ئاماژەبەوەشدراوە: لە درێژەی دیدارەکەدا سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی پەرۆشیی یەکێتی بۆ بەهێزترکردنی پەیوەندییەکان و یەکخستنی توانا هەواڵگری و سەربازییەکان دووپاتکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، پێویستە هەموو هەوڵەکان لەچوارچێوەی پاراستنی ژیانی خەڵک و سەقامگیریی ناوچەکە بێت، هیچ بوارێک بۆ تیرۆریستان نەهێڵرێتەوە و هیچ بۆشاییەکی ئەمنی نەمێنێت.
بەپێی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، سەرۆک بافڵ ئاماژەی بەوەکرد، بەداخەوە ئەمڕۆ لە سنووری خورماتوو فەرماندەیەکی ئازای پێشمەرگە، ئەفسەرێک و سەربازێکی سوپای عێراق شەهیدبوون و چەند سەربازێکی دیکەش بریندارن. بۆیە ئەرکی هەموولایەکە مەترسییەکان لەبەرچاوبگرن و رێوشوێنی تووندتر و کاریگەرتر بگیرێتەبەر.
|