دابەشکردنی مووچە تاوەکو کاتێکی نادیار دوادەکەوێت

18/11/2024
فۆتۆ: 

تاوەکو ئێستا حکومەتی عێراق پارەی پێوسیتی بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی ١٠ی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نەناردوە و وەزیری دارایش لەسەفەرە، بەپێی زانیارییەکان، دابەشکردنی مووچە زیاتر دوادەکەوێت

بەپێی زانیارییەکان، تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق، گەشتی دەرەوەی وڵاتی کردوە و تا رۆژی پێنجشەممەی داهاتو ناگەڕێتەوە، هەربۆیە خەرجکردنی موچەی مانگی ١٠ی فەرمانبەرانی هەرێم، دوادەکەوێت بۆ دوای بەڕێوەچونی پرۆسەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتوان.

هەر بەپێی زانیارییەکان، لە ناوەڕاستی مانگی کانونی یەکەم ژمێرەی کۆتایی بودجە دادەخرێت تا ناوەڕاستی مانگی یەکی ساڵی داهاتو، هەربۆیە ناردنی موچەی مانگەکانی ١١ و ١٢ی فەرمانبەرانی هەرێم کێشەی بۆ دروست دەبێت.

کێشەیەکی تری بەردەم ناردنی موچەی مانگەکانی ١١ و ١٢ی فەرمانبەرانی هەرێم، ئەوەیە کە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتی عێراق تەواو بوە کە ١١ ترلیۆن و نیو بوە، بۆیە بۆ موچەی ئەو دو مانگە، پێویستی بە گواستنەوەی پارەیە لە بودجەی وەبەرهێنانەوە بۆ بودجەی بەکاربردن و ئەوەش پێویستی بە ڕەزامەندیی حکومەت و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەیە.

سەرچاوە: کەی ئێن ئێن