مەكتەبی سیاسی لە رۆژی شەهیدی یەكێتیدا پەیامێکی بڵاوکردەوە
مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە رۆژی شەهیدی یەكێتیدا پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، یەكێتیەكەمان بەهەمان گیانی سەردەمی سەختی دێرینەوە بەردەوامە و وێستگەی هەڵبژاردنی ئەمجارەی کوردستانیش بەڵگەی زیندوون.
دەقی پەیامەکە...
مێژووی پڕ سەروەریی و تێكۆشانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەموو رۆژەكانی پڕن لە تۆماری سەربەرزی و گیانبازی، كە سەرقافڵەی ئەم كاروانە نەپساوەیە شەهیدانی سەرکردە (خاڵە شیهاب و جەعفەرعەبدولواحید و ئەنوەر زۆراب) بوون، كە لە رۆژی ٢١ـی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٧٥دا لە زیندانەكانی رژێمی بەعسی رووخاودا بە دروشمی (كەم بژی و كەڵ بژی) گیانیان بۆ ئازادیی و سەربەخۆیی كورد و كوردستان بەخشی.
لەناو ئەم كاروانەی شەهیدان و سەروەراندا كە هەزاران تێكۆشەر لەنێو زیندان، لە چالاكیەكانی نێو شار، لە سەنگەرەكانی بەرگریدا بەگیان و خوێنی خۆیان چەندین داستانی نەبەردی و رووبەڕووبوونەوەیان بەرامبەر بە جەلادەكان و نۆكەر و هێزەكانی رژێمی بەعسی ڕووخاو تۆماركردوە، بۆ هەمیشە بە نەمری لە دڵ و ویژدانی هەموو كوردێكی تێكۆشەر دەمێننەوە، بۆ بەرز راگرتنی ئەو قارەمانێتی و سەروەرییانەیان و بەرز راگرتنی یادەوەری وناوبانگیان، لە كۆی ساڵدا ئەم رۆژە دیاری كراوە تاوەكو هەمووان پێكەوە لەیەك ساتدا سەری رێز لەئاست یادكردنەوەیاندا دابنەوێنین.
لەم یادەدا پڕشكۆیەدا سەربەرزین بەوەی لە سایەی قوربانیدانی شەهیدەكانماندا، یەكێتیەكەمان بەهەمان گیانی سەردەمی سەختی دێرینەوە بەردەوامە و وێستگەی هەڵبژاردنی ئەمجارەی کوردستانیش بەڵگەی زیندوون.
ئەم پێداگیری و رژدبوونەمان لە درێژەپێدانی رێبازی شەهیدانەوە سەرچاوەی گرتووە و ئەمانەتێكە لە ئەستۆمان كە دەبێت نەك هەر بۆ ئیمڕۆ بەڵكو بۆ ئایندەی دووریش درێژە پێدەری بین تاوەكو گشت مافە بەدینەهاتوەكان لەسەرئاستی عێراقیشدا مسۆگەر بكەین
- درودبۆ رۆحی شەهیدان وسڵاوی وەفا و ئەمەكداری بۆ كەسوكار وخانەوادە هەمیشە سەربەرزەكانیان.
مەكتەبی سیاسیی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
|