سەرژمێریی گشتی لە هەرێمی کوردستان رادەگیرێت

21/11/2024
فۆتۆ: 

بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات کە، "سەرژمێریی گشتی لە هەرێمی کوردستان رادەگیرێت؛ بەڵام لە عێراق بەردەوام دەبێت".

 مەحموود عوسمان، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان  راگەیاند، ئەمڕۆ ئەو قۆناخەی پرۆسەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان تەواو دەبێت، دواتر بۆ ماوەی پێنج رۆژ، پرۆسەکە لە هەرێمی کوردستان رادەگیرێت و لەو ماوەیەدا بژمێرەکان سەردانی ماڵان ناکەن، بەڵام حکومەتی عێراق لە پرۆسەکەدا بەردەوام دەبێت بە ناوچەکانی مادەی ١٤٠ـشەوە.
 
ئاماژەی بەوەدا، ئێمە کەمێک دواکەوتووین، کارمەندەکانی سەرژمێری لەسەر فۆرمی ٧٧ پرسیارەکە مەشق و راهێنانیان پێنەکراوە، بۆیە ئەو ٥ رۆژە مەشق و راهێنان بەو ٢١ هەزار کارمەندەی سەرژمێریی دەکرێت، دواتر پرۆسەکە دەستپێدەکاتەوە.
 
مەحمود عوسمان باسی لەوەشکرد، هەرچی حکومەتی عێراقە، مەشق و راهێنانی بە کارمەندەکانی کردووە، کێشەی نییە و پرۆسەکە دەستپێدەکات، کە لە ٢٢ـی ئەم مانگەوە، تاوەکو ١٠ـی مانگی داهاتوو بەردەوام دەبێت.
 
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان وتیشی، بەو هۆیەوە لە هەرێمی کوردستان پێنج رۆژ لە دوای حکومەتی عێراق، پرۆسەی سەرژمێری بۆ پڕکردنەوەی فۆرمی ٧٧ پرسیارەکە تەواو دەبێت.