بلینکن و سودانی دۆخی سوریا و ناوچەكەیان تاوتوێ كرد
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە سەردانێکی رانەگەیەندراو گەیشتە بەغداد و کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەنجامدا.
بەپێی راگەیەندراوێكی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە كۆبوونەوەكەدا پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات و چۆنیەتیی پەرەپێدانی، هەروەها بارودۆخی ناوچەكە و رووداوەكانی ئێستای سوریا و، پێویستیی هەوڵە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەكان بۆ چەسپاندنی ئاسایش لە سوریا و سەقامگیریی تەواوی ناوچەكە تاوتوێكرا.
محەمەد شیاع سودانی هەڵوێستی عێراقی دووپاتكردەوە لە پاڵپشتیكردنی سوریا لەم قۆناغە گرنگەدا و، گرنگیی هاوكاریكردنی وڵاتانی دۆست بۆ سورییەكان بۆ سەرلەنوێ بونیادنانەوەی وڵاتەكەیان و، رووبەڕووبوونەوەی ئەو ئالنگارییانەی كاریگەری لەسەر ئاشتەوایی ناوخۆیی هەیە.
جەختیشیكردەوە، پێویستە سەرجەم پێكهاتەكانی گەلی سوریا لە بەڕێوەبردنی وڵاتەكەیاندا بەشداربن بۆ زامنكردنی سەقامگیرییەكەی. وتیشی، "عێراق چاوەڕوانیی كردار نەك گوفتار لە بەرپرسانی بەڕێوەبەری قۆناغی گواستنەوە لە سوریا دەكات"، وەك ئەوەی لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە.
لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی ئەمریک جەختیكردەوە لەسەر هاوهەڵوێستی ویلایەتە یەكگرتووەكان لەگەڵ عێراق لەبارەی پێویستیی رێزگرتن لە بژاردەكانی گەلی سوریا و، كاركردن لەسەر پێكهێنانی حكومەتێكی بەرفراوان كە رەنگدانەوەی ئیرادەی گەلی سوریا و پێكهاتە جۆراوجۆرەكانی بێت.
وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ئاماژەشی بە رۆڵی سەرەكیی عێراق كە هاوبەشێكی بنەڕەتییە لە ناوچەكەدا كردەوە و، پابەندبوونی ئەندامانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیشی بەرامبەر ئاسایش و سەروەریی عێراق و سەربەخۆییەكەی دووپاتكردەوە.
|