سودانی: توانیمان مەترسییەکان لە عێراق دووربخەینەوە
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی لەگەڵ دامەزراوە ئەمنیی و سەربازییەکانی پارێزگای نەینەوا ڕایگەیاند، پێویستە پارێزگاری لە دەستکەوتە ئەمنییەکان بکرێت کە لە سایەی قوربانییە گەورەکانی عێراقییەکاندا بەدەست هێنراون. جەختی لەوەش کردەوە، کە توانیویانە مەترسییەکان لە عێراق دووربخەنەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، سەرۆکایەتی کۆبوونەوەی دامەزراوە ئەمنیی و سەربازییەکانی پارێزگای نەینەوای کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا سودانی ڕایگەیاند، چاوپۆشی لە هیچ ڕووداوێک نەکرێت کە کاریگەری بۆ سەر سەقامگیری پارێزگای نەینەوا و عێراق هەبێت. هاوکات جەختی لە پێویستی پارێزگاریکردن لە دەستکەوتە ئەمنییەکان کردەوە.
سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، عێراقییەکان قوربانییان بۆ دەستکەوتەکان داوە، و توانیمان مەترسییە ئەمنییەکان بۆ سەرعێراق نەهێڵێن، بە تایبەتی ئەو ئاڵنگاریی و مەترسییەی کە ناوچەکە لە چەند هەفتەی ڕابردوو شاهێدی بوو بەهۆی ڕووداوەکانی سووریاوە.
|