سودانی پزیشکیان لە تاران کۆبوونەوە

08/01/2025
فۆتۆ: 

ئەمڕۆ سەرۆک وەزیرانی عێراق گەیشتە ئێران و لەگەڵ سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە لە تاران کۆبوونەوە و سودانی رایگەیاند، " سەقامگیریی سووریا، کلیلی سەقامگیریی ناوچەکەیە و داوا دەکەین سنوورێک دابنرێت بۆ دەستوەردانی دەرەکی".

لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لە تاران، مەسعود پزیشکیان سەرککۆماری ئێران ئاماژەی بەوەشدا: "بیروڕامان لەسەر گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە گۆڕییەوە بەتایبەت هاوکارییە دوولایەنەکان لە هەموو بوارەکاندا، هەردوو وڵات روانگەی هاوبەشمان لەسەر رووداوەکانی سووریا هەبوو، هێمنی و ئارامی و پاراستنی یەکپارچەیی سووریا و پێویستیی دەرچوونی رژێمی زایۆنی لە ناوچەکە، بابەتی کۆبوونەوەکەمان بوو".
 
هاوکات محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆنفراسە رۆژنامەوانیەکەدا وتی: "سەقامگیریی سووریا، کلیلی سەقامگیریی ناوچەکەیە و داوا دەکەین سنوورێک دابنرێت بۆ دەستوەردانی دەرەکی کە زیان بە بەرژەوەندییەکانی سووریا دەگەیێنێت".

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا پزیشکیان باسی لەوەکرد: "گەشەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بەتایبەت لەگەڵ عێراق، لە پێشینەی کارەکانمان دەبێت، عێراق هاوبەشێکی ستراتیجییە بۆ ئێران".

سودانیش لە دێژەی قسەکانیدا هێمای بۆ ئەوەکرد کە، "عێراق دووپاتی دەکاتەوە سوورە لەسەر بنیاتنانی پەیوەندییەکی هاوسەنگ لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و نێودەوڵەتی".