سۆران عومەر: سودانی داوای رادەستکردنی داهاتی نەوت و غازی سروشتی دەکات
ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق زانیاری نوێ لەسەر داواکارییەکانی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەخاتەڕوو بۆ ناردنی مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستان و دەڵیت، "سودانی داوای رادەستکردنی داهاتی نەوت و غازی سروشتی دەکات".
سۆران عومەر، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند: هەمواری یاسای بودجەی ٢٠٢٥ تایبەت بە دیاریکردنی تێچووی بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوتی هەرێم دواخرا، بەهۆی ئەوەی سەرۆک وەزیرانی عێراق پێشنیازێکی نوێی ناردووە، داوای رادەستکردنی داهاتی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکان و غازی سروشتی دەکات لە ناوخۆ و دەرەوە بەبێ ئەوەی هیچی لێببڕدرێت.
ئاماژەی بەوەشداوە: سەبارەت بە جێبەجێکردنی تەمەنی خانەنشینی لە ٦٠ ساڵی بەپێی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق کە بڕیاری دادگای فیدراڵی بۆ دەرچووە، لە ١ی ١ی ٢٠٢٥ ەوە هەر فەرمانبەرێک تەمەنی گەشتبێتە ٦٠ ساڵ خانەنشین دەکرێت و پاداشتی کۆتایی خزمەتی پێدەدرێت کە ١٢ مووچەی تەواوە.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق باسی لەوەشکردوە: ئەگەر فەرمانبەرێک کۆی کۆتا مووچە کە وەریگرتووە یەک ملیۆن دینار بێت ئەوە ١٢ ملیۆن دیناری پێدەدرێت، بە مەرجێک خزمەتی لە ٢٥ ساڵ کەمتر نەبێت.
|