دادوەرێكی ئەمریكی بڕیارێکی ترەمپ بۆ پێنەدانی مافی ڕەگەزنامەی لەدایكبوون هەڵپەسارد

24/01/2025
فۆتۆ: 

دادوەرێكی ئەمریكا بڕیارێكی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی وڵاتەكەی، لەبارەی پێنەدانی رەگەزنامەی ئەمریكی بە منداڵانی كۆچبەری ناسایایی لەدایكبووی ئەمریكا هەڵپەسارد و ترەمپیش دەڵێت، تانە لە بڕیاری دادوەرەكە دەدەن.

میدیا ناوخۆییەكانی ئەمریكا بڵاویانكردەوە، دادوەر جۆن كۆڤینۆر لە دانیشتنێكدا لە ویلایەتی واشنتۆن سەبارەت بەو بڕیارەی ترەمپ لە یەكەم رۆژی دەستبەكاربونیدا لەبارەی پێنەدانی رەگەزنامەی ئەمریكی بە منداڵانی كۆچبەری ناسایایی لەدایكبووی وڵاتەكە ئیمزای كردووە ، رایگەیاند ، بڕیارەكە بە ئاشكرا نادەستوورییە.

لەسەر داوای چوار ویلایەت، كە دیموكراتەكان بەڕێوەیدەبەن، دادگا بەشێوەیەكی كاتیی بڕیاریداوە، رێگریی لە ئیدارەی نوێی ئەمریكا بكات ئەو بڕیارە جێبەجێ بكات، كە لە یەكەم رۆژی دەستبەكاربوونی دۆناڵد ترەمپ واژۆی لەسەركرد.

دادوەری دادگاكە بە پارێزەرێكی وەزارەتی دادی ئەمریكای راگەیاندووە، فەرمانەكەی ترەمپ پێچەوانەی دەستوورە و وەك پێشێلێكاریی دەستوور سەیر دەكرێت.

دوای بڵاوبوونەوەی رەتكردنەوەی بڕیارەكە لەلایەن دادوەرێكەوە، دۆناڵد ترەمپ، لە كۆشكی سپی بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، تیمەكەی راسپاردووە تانە لە بڕیاری دادوەرەكە بدەن.

 لە یەكەم رۆژی دەستبەكاربوونیدا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا، فەرمانێكی دەركرد بۆ هەڵوەشاندنەوەی مافی رەگەزنامەی ئەمریكی بۆ منداڵانی كۆچبەرە نایاساییەكان كە لە وڵاتەكە لەدایك دەبن.