مەزڵوم عەبدی: داوا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و هێزە چالاکەکان دەکەین تاوانانەكانی توركيا رابگرن
فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) رایگەیاند، بەئامانجگرتنی جوتیارێک و منداڵەکانی لەلایەن تورکیاوە تاوانێکە دژی مرۆڤایەتیە و پێویستە لەسەر حکومەتی کاتی بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەستۆ بگرێت.
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) لە هەژماری خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند، "پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی کەسوکاری قوربانیانی بێتاوان دەکەین، کە لە بۆردومانێكی تورکیادا تەواوی خێزانێک لە گوندەواری کۆبانی گیانیان لەدەستدا، هیوای زوو چاکبونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین".
ئاماژەی بەوەشكرد، "بەئامانجگرتنی جوتیارێک و منداڵەکانی تاوانێکە دژی مرۆڤایەتی، پێویستە لەسەر حکومەتی کاتی بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەستۆ بگرێت بەرامبەر بە کوشتنی هاوڵاتیانی لەلایەن وڵاتانی دیکەوە".
مەزڵوم عەبدی وتیشی، "داوا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و هێزە چالاکەکان دەکەین ئەم تاوانانە ڕابگرن ئاگربەست لە سەرتاسەری سوریا بۆتە پێویستیەکی ڕەها بۆ سەرکەوتنی قۆناغی ئینتقالی بەرەو سوریایەکی سەقامگیر و ئارام".
|