وەزارەتی دەرەوەی توركیا: دەبێت ئیسرائیل لە سوریا بکشێتەوە
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، ''ئیسرائیل بووەتە گەورەترین هەڕەشە بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە''.
وەزارەتی دەرەوەی توركیا ڕایگەیاند، " دەبێت ئیسرائیل لە سوریا بكشێتەوە و واز لە زیانگەیاندن بە هەوڵەكانی سەقامگیری لە سوریا بهێنێت".
وەزارەتی دەرەوەی توركیا ئەوەشی خستووەتەڕوو، "ئیسرائیل سەقامگیری ناوچەكە دەشێوێنێت و برەو بە ئاژاوە و تیرۆر دەدات، هێرشەكانیشی بۆ سەر وڵاتانی ناوچەكە دەبێتە گەورەترین هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی هەرێمایەتی".
دەشڵێت، "ئەو لێدوانە بێزاركەرانەی وەزیرانی ئیسرائیل بەرامبەر بە وڵاتەكەمان دەیدەن، رەنگدانەوەی ئەو دۆخە دەروونییەیە تیایدا دەژین".
ئەوەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، جەدعون ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل رایگەیاند، تورکیا هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی سووریا بکاتە پاشکۆیەکی پارێزراوی خۆی.
|