كازمی بۆ ڕۆحانی: پەیوەندییەكانمان بەندە بەدەستوەرنەدان لەكاروباری ناوخۆ

21/07/2020
کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی هاوبەشی مستەفا کازمی و حەسەن ڕۆحانی
فۆتۆ: 

لەیەكەم سەردانیدا بۆ دەرەوەی وڵاتەكەی لەوەتەی پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراقی وەرگرتوو، ئەمڕۆ مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق گەیشتە تاران و دەستی بە گفتوگۆكانی كرد لەگەڵ لێپرسراوە باڵاكانی ئەو وڵاتەدا .

سەردانەكەی ئەمڕۆی كازمی بۆتاران دوای رۆژێك دێت لەدواخستنی سەردانەكەی ناوبرا بۆ سعودیە، هۆكارەكەشی نەخۆشكەوتنی شا سەلمان عوبدولعەزیز پادشای ئەو وڵاتە .

دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ حەسەن ڕۆحانی سەركۆ كۆماری ئێران، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسی هاوبەشەدا كازمی ڕایگەیاند، وڵاتەكەی بە هیچ شێوەیەك پشتیوانی ئێران لەبیر ناكەن و ئەوان یەكەم وڵات بوون هاوكاریی عێراقیان كردووە لە شەری داعشدا .

لە بەرامبەریشدا حەسەن ڕۆحانی سەرۆك كۆماری ئێران ئامادەیی وڵاتەكەی دەربڕی بە تەواوی توانای خۆیەوە هاوكاریی عێراق بكاتب ۆ چەسپاندنی ئاشتی و ئارامی لەو وڵاتەدا .

لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسی هاوبەشدا لەگەڵ مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە تاران رۆحانی ڕایگەیاند، لەگەڵ كازمی گفتوگۆیانكردووە دەربارەی بابەتە هەرێمایەتییەكان و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و ئێران بەڵێنیداوە بە تەواوی توانای خۆیەوە لە پاڵ عێراقدا بوەستێتەوە .

ڕۆحانی ئاماژەی بەوەشكرد، لەوكاتەوەی كازمی پۆستی سەرۆك وەزیرانی وەرگرتووە جموجۆڵی بازرگانی لە نێوان هەردوولا زیادیكردووە و هەر ئەمڕۆش لەو بارەیەوە قسەیان كردووە .

جەختیشیكردەوە، ئێران لە توانایدایە تەواوی پێداویستیەكانی دەرمان و پزیشكی و تەندروستییەكان بۆ عێراق دابین بكات .

سەرۆك كۆماری ئێران ڕوونیكردەوە، هەردوولا ئەمڕۆ گفتوگۆیانكردووە دەربارەی گەشەپێدان و پێشخستنی پەیوەندییە بازرگانییەكانی نێوان هەردوو وڵات، لەو ڕووەوە ڕۆحانی وتی " ئێران ئیرادەی هەیە بۆ گەشەپێدانی قەبارەی بازرگانی لەگەڵ عێراقدا بۆ بڕی 20 ملیار دۆلار .

سەرۆك كۆماری ئێران ئاماژەی بەوەشكرد، لە گفتوگۆكاندا ئاماژەیان بەوەكردووە، ئێران بەردەوام دەبێت لەوەستانەوەی لە پاڵ عێراقدا و هاوكاریكردنی لە چەسپاندنی ئارامی و ئاسایش و سەردانەكەی سەرۆك وەزیرانی عێراق وێستگەیەك دەبێت لە پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات .

لە كۆتایی وتەكانیدا ڕۆحانی جەختیكردەوە،هەردوو وڵات سوورن لەسەر جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكانی نێوان هەردوولا، لەوانەش بابەتی ژێرخانی ئابوری و گەیاندنی ڕێگەی شەمەندەفەر لە نێوان شاری خوڕەمشەهرەوە بۆ بەسرەی باشوری عێراق و پاككردنەوەی شەتولعەرەب .

لە بەرامبەریشدا مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەو كۆنگرە ڕۆژنامەنووسییە هاوبەشەدا جەختیكردەوە، عێراق بە هیچ شێوەیەك ڕێگە نادات ببێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ ئێرانی هاوسێ .

ئاماژەی بەوەشكرد، پەیوەندییەكانی نێوان عێراق و ئێران، تەنها پەیوەندیی سنور نییە، بەڵكو دەبێت هەماهەنگی بكرێت بۆ وەدیهێنانی بەرژەوەندی نێوان هەردوولا .

كازمی لە وتەكانیدا ڕوونیكردەوە، گەلی عێراق حەزی بە بنیاتنانی پەیوەندییە لەگەڵ ئێراندا ، بەڵام لەسەر بنەمای دەستوەرنەدان لە كاروباری ناوخۆیی و پێكەوە ڕوبەڕوی تیرۆری داعش بوونەوە .

لە بەشێكی تری كۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەكەدا سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەوەی وەبیرهێنایەوە كە ئێران یەكەم وڵات بووە كە لە پاڵ عێراقدا وەستایەوە لەدژی تیرۆر و ئەو هەڵوێستەش بە هیچ شێوەیەك لەبیر ناكەن، هەر بۆیە ئەوانیش لە پاڵ ئێراندا وەستانەوە بۆ تێپەڕاندنی ئەو قەیرانە ئابورییە كە دووچاری بووە .

سەرۆك وەزیرانی عێراق دەربارەی هەڵوێستی وڵاتەكەی وتی "سیاسەتی عێراق پشت دەبەستێت بە نییەت باشی لە مامەڵەكردنی لەگەڵ ئێراندا، بۆیە دەبێت لێتێگەیشتنێك هەبێت بۆ دەرهێنانی ناوچەكە لە قەیرانی ئاڵۆزی و گەیشت بە چارەسەرێكی ڕیشەییانە ".

دەربارەی كێشە ئابورییەكانیش سەرۆك وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەكرد، هەردوو وڵات ڕوبەڕوی قەیرانی ئابوری بونەتەوە، گەلەكانیان زۆریان لێ چاوەڕێ دەكەن، دیارە ئەوەش بەدی نایەت ئەگەر بە هاوكاری تەواوی نێوان عێراق و ئێران نەبێت .

دەربارەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی عێراقیش كازمی وتی "پەیوەندییە دەرەكییەكانی پشت دەبەستێت بە بنەمای هاوسەنگی و دووركەوتنەوە لە هەر یەك لە میحوەرەكان ".

لە میانی وتەكانیدا كازمی دووپاتیكردەوە، عێراق بە هیچ شێوەیەك ڕێگە نادات بەوەی ببێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ ئێران، پێویستە پارێزگاری لە ئێران بكرێت لە هەر مەترسییەك كە لە پەیوەندییەكانەوە سەرچاوەی گرتبێت، چونكە پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات مێژووییە و دەگەڕێتەوە بۆ سەدان ساڵ .

لە كۆتایی وتەكانیدا لە گۆنگرە ڕۆژنامە هاوبەشییەكەیدا سەرۆك وەزیرانی عێراق دەربارەی پەتای كۆرۆنا  قسەی كردو لەوبارەیەوە وتی "بەم نزیكانە قەیرانی كۆرۆنا تێدەپەڕێین و چالاكی بازرگانی و ئابوری و كلتوری دەچێتە ئەو ئاستەوە كە گەلی هەردوولا دەیخوازن ".

دەربارەی ئەجەندای دیدارەكانی دیكەی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەگەڵ گەورە بەرپرسانی دیكەی ئێراندا، ئاژانسی هەواڵی ئیرنای نزیك لە رابەری گشتی ئێران ڕایگەیاند، دیداری عەلی خامنەئی لەگەڵ مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق چەندین پەیامی جیاواز لەخۆ دەگرێت .

ئاژانسەكە بڵاویكردووەتەوە، خامنەئی ئێوارەی ئەمڕۆ پێشوازی دەكات لە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق، ئەوەش لە ماوەی پێنج مانگی ڕابردوودا ئەوە یەكەم دیدار ڕاستەوخۆی خامنەئییە لەگەڵ میوانەكانیدا .

ئاماژەی بەوەشكردووە، گرنگترین بابەت كە پێویست باس بكرێت لە میانی سەردانەكەی كازمی بۆ تاران، بریتیە لە دیداری راستەوخۆی ناوبراو لەگەڵ خامنەئیدا، ئەوەش ئاماژەیەكە بۆ گرنگی پێدانی تایبەتی رابەری ئێران بە پەیوەندییە هاوبەشەكان و بایەخی ناوبراو بە گەلی عێراق، بە تایبەت كە ماوەی پَێنج مانگە رابەری باڵای ئێران هیچ دیدارێكی ناوخۆیی و دەرەكی ڕاستەوخۆی نەبووە، مەگەر بەهۆی پێویستییەكی زۆرەوە نەبێت، ئەویش بەهۆی ڕێوشوێنەكانی خۆپارێزی لە پەتای كۆرۆنا .

ئاژانسە ئێرانییەكە ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەو دیدارەی نێوان كازمی و خامنەئی مانای زۆر لەخۆی دەگرێت و بەو پێیەی عێراق و ئێران پەیوەندی زۆری سیاسی و كلتوری و ئایوری و هەرێمایەتییان هەیە، سەردانەكەی سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕۆڵێكی گرنگ دەگێڕێت لە بەرزكردنەوەی ئاستی هەماهەنگی نێوان ئێران و عێراق لەسەر بەرزترین ئاست .

بابەتێكی دیكەی ئەجەندای سەردانەی كازمی بۆ ئێران قەرزەكانی تارانە لەسەر عێراق كە بەهۆی دابینكردنی وزەی كارەباوە لەسەری كەڵەكە بووە و بە 3ملیار دۆلار مەزەندە دەكرێت، كە چاوەڕواندەكرێت خشتەیەك دابنرێت بۆ دانەوەی .

هەروەها گفتوگۆ دەكەن لەسەر دووبارە كردنەوەی سنورەكان و خێراكردنەوەی جموجوڵی بازرگانی ، كە بەهۆی تەشەنەكردنی كۆرۆناوە ماوەی چەند مانگە داخراوە یان هاتووچۆ تیایدا لاواز بووە .