وەزارەتی دارایی و ئابوری: 45 ملیار دینار بۆ سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و ڕاپەڕین خەرج ده‌كرێت

30/04/2025
فۆتۆ: 

وەزارەتی دارایی و ئابوری ڕایگه‌یاند، بڕیاردرا به‌ خه‌رجكردنی زیاتر لە 45 ملیار دینار بۆ پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان بۆ دەرمان و پێداویستی تەندروستی سلێمانی و نەخۆشخانەی هیوا و شەقامی 100 مەتری سلێمانی و ڕێگای دوسایدی کەلار - دەربەندیخان.

وەزارەتی دارایی و ئابوریی حكومه‌تی هه‌رێم له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویکردەوە، "بەمەبەستی بەدواداچون بۆ کێشە و گرفتەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین لەچەند ڕۆژی ڕابردودا ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابوری سەرپەرشتی چەند کۆبونەوەیەکی کرد لەگەڵ بەرپرسانی ئیداری و یەکێتی بەڵێندەران و بانکەکانی سەر بەوەزارەت، دوای ئەو کۆبونەوانە و ئاگاداربون لە کێشە و گرفتەکان چەند بڕیارێکی لەبەرژەوەندی بەڵێندەران و ئەو کۆمپانیایانە دەرکرد کە سەرقاڵی ئەنجامدانی پڕۆژەکانن".

وەزیری دارایی بڕیاریداوه‌ بە خەرجکردنی زیاتر لە 45 ملیار دینار بۆ دەرمان و پێداویستی تەندروستی سلێمانی و نەخۆشخانەی هیوا و شەقامی 100 مەتری سلێمانی و ڕێگای دوسایدی کەلار - دەربەندیخان و شایستەی کۆمپانیاکانی خۆڵ و خاشاک و پڕۆژە بەردەوامەکانی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین.

به‌گوێره‌ی ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، هەر لە چوارچێوەی بڕیارەکاندا وەزیری دارایی و ئابوری بڕیاریدا بەبەردەوام بونی لیژنەی خەرجکردنی گەڕانەوەی (التأمینات و خطاب الضمان) ی بەڵێندەران لەسەرجەم بانکەکان، بەمەبەستی گەڕانەوەی پابەندییەکان بە پێی ڕێژە و گوژمەی دیاریکراو.

1- 4،500،000،000 چوار ملیار و پێنجسەد ملیۆن دینار بۆ خەرجی دەرمان بۆ بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی.   

2- 4،000،000،000 چوار ملیار دینار بۆ خەرجی دەرمان بۆ نەخۆشخانەی هیوا. 

3- 3،500،000،000 سێ ملیار و پێنجسەد ملیۆن دینار ، بۆ سەرجەم پڕۆژەکانی سلێمانی و دەوروبەری.   

4- 3،000،000،000 سێ ملیار دینار بۆ سەرجەم پرۆژەکانی ئیدارەی گەرمیان.   
               
5- 2،000،000،000 دوو ملیار دینار بۆ سەرجەم پڕۆژەکانی ئیدارەی ڕاپەڕین.   
  
6- 2،000،000،000 دوو ملیار دینار بۆ سەرجەم پڕۆژەکانی پارێزگای هەڵەبجە.  
     
7- 5،000،00،000 پێنج ملیار دینار بۆ پڕۆژەی ڕێگای دوو سایدی کەلار - دەربەندیخان.     

8- 20،000،000،000 بیست ملیار دینار وەک شایستەی دارایی پڕۆژەی شەقامی (100) مەتری سلێمانی ( شاڕێی بابان ).

9- 1،500،000،000 یەک ملیار و پێنجسەد ملیۆن دینار پارەی خۆڵ و خاشاک.