میكانیزمی سكاڵاو دادگایی كردنی رۆژنامەنووسان دیاریكرا

11/05/2025
فۆتۆ: 

لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان ڕایگەیاند، ئەمڕۆ سكرتێری لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنووسان، سەردانی دادگای سلێمانی كرد و لە دیدارێكدا لەگەڵ حاكم عمر أحمد محمد سەرۆكی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی، حاكم سامان جەمال دادوەری دادگای لێكۆڵینەوەی سلێمانی/1 و حاكم هاوڕێ لەتیف تەها دادوەری دادگای كەتنی سلێمانی/6، بەمەبەستی شێوازی جێبەجێكردنی بڕیاری ژمارە 2722 لە رۆژی 13/3/2025بوو كە دوو دادگا لەشاری سلێمانی تایبەتمەند كران بۆ سكاڵاو كەیسەكانی رۆژنامەنووسان لەچوارچێوەی پیادەكردنی یاسای ژمارە 35 ی ساڵی 2007 بۆ ئەم كەیسانە..

ئاماژەی بەوەشکرد، سەرۆكی دادگای سلێمانی و هەردوو دادوەری لەدادگاكانی لێكۆڵینەوەی 1 و كەتنی 6 تێگەیشتنی تەواو و بۆچوونیان هەمان بۆچوونی میدیاكاران و سەندیكای رۆژنامەنووسان بوو سەبارەت بەو كەیسانەی میدیایین و جیاكردنەوەیان لەو بابەتانەی بەناوی میدیاوە دەكرێن..
 
جەخت كرایەوە كە لە رۆژی دەرچونی بڕیاڕی ناوبراوەوە، لەدادگاكانی سلێمانی كار بەم بڕیارە دەكرێت، هاوكات باس لە ناساندنی رۆژنامەنووس لەبەردەم دادگادا كرا ئایا كێ رۆژنامەنووسە؟؟

باسیش لە میكانیزمی بانگهێشتكردنی میدیاكاران كرا بۆ بەردەم دادگا بەپێی برَگەو ماددەكانی یاسای رۆژنامەوانی، تەوەرێكی تری دیدارەكەش كێشەی ئەو سایت و پەیج و ئەكاونتانە بوو كە خۆیان نەناساندوە لای سەندیكاو لەبەردەم یاسادا..

سكرتێری لقی سلێمانی سەرباری بوونی نوێنەرانی یاسایی باسی لەدامەزراندنی بۆردێكی پارێزەران كرد بۆ بەرگریكردن لەمیدیاكارانی سنوری ناوچەكە، بەخۆشحاڵیەوە دادگا لاری نەبوونی خۆی پیشاندا بۆ ئەم داواكارییەو بڕیاریدا كاری بۆردەكە بخرێتە خانەی داواكاری ئینتیدابەوە، ئەمەش كارئاسانی و رێگەخۆشكەرە بۆ بۆردی پارێزەران..