خامنەئی داوا لە کازمی دەکات حەشدی شەعبی بپارێزێت

21/07/2020
کۆبوونەوەی عەلی خامنەئی و مستەفا کازمی لە تاران
فۆتۆ: فۆتۆ: نوسینگەی عەلی خامنەئی
تاران

رێبەڕی باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران داوا لە سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکات، حەشدی شەعبی بپارێزێت.

لەمیانی کۆبوونەوەی لەگەڵ مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق، عەلی خامنەئی رێبەڕی باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران رایگەیاند، ئەوەی لە پەیوەندی ئەو دوو لایەنە بۆ تاران زۆر جێی بایەخە، پاراستنی بەرژەوەندی، ئاسایش و سەروەری و بەرەوپێشچوونی بارودۆخی عێراقە.

جەختی لەوەشکردەوە، ئێران هەرگیز نەیویستووە دەست لە کاروباری ناوخۆی عێراق وەربدات و دەستیشوەرنادات، بەڵکو خوازیاری عێراقێکی سەربەخۆ، بەهێز و یەکپارچەیە.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەبەرامبەردا ئەمریکا پێچەوانەی ئێران هەڵسوکەوت دەکات و بە وتەی ناوبراو، بۆ ئەمریکییەکان گرنگ نییە چ کەسێک سەرۆک وەزیرانی عێراقە، بەڵکو ئەوان هەوڵی دروستکردنی حکومەتێک هاوشێوەی ئەو حکومەتە دەدەن کە لە سەرەتای رووخانی رژێمی سەدام حسێن، پۆل بریمەر حاکمی پێشووی ئەمریکا لە عێراق دروستیکردبوو.

رێبەڕی باڵای ئێران راشیگەیاند، وڵاتەکەی دەستوەرناداتە پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و واشنتن، بەڵام دەیەوێت عێراقییەکان بەباشی ئەمریکییەکان بناسن و بزانن کە بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە هەر وڵاتێک، دەبێتەهۆی گەندەڵی و ئاژاوە لەو وڵاتە.

دووپاتیشیکردەوە، پێویستە بەدواداچوون بۆ بڕیاری حکومەت و خەڵک و پەرلەمانی عێراق بکرێت بو دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە وڵاتەکەیان.

عەلی خامنەئی کوشتنی قاسم سلێمانی و ئەبومەهدی موهەندس-ی وەکو نموونەیەک لە دەرەنجامی بوونی ئەمریکییەکان لە عێراق هێنایەوە و بە مستەفا کازمی راگەیاند، ئەوان میوانەکانی ئێوەیان کوشت و بەئاشکراش دانیاننا بەتاوانەکەیاندا و ئەوەش بابەتێکی بچووک نییە.

لە کۆتایی دیدارەکەدا رێبەڕی باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران، عەلی سیستانی بە نێعمەتێکی گەورە بۆ عێراقییەکان لەقەڵەمدا و راشیگەیاند، هاوشیوەی سیستانی، حەشدی شەعبیش نێعمتێکی دیکەیە و دەبێ پارێزگاری لەو هێزە بکرێت.

لای خۆشیەوە مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق ستایشی پشتیوانییەکانی ئێرانی لە شەڕی دژ بە داعش کرد و رایگەیاند، حکومەت و گەلی عێراق هیچکات یارمەتی و هاوکارییەکانی تاران فەرامۆش ناکات.

ئاماژەی بەوەشکرد، عێراق و ئێران پەیوەندییەکی قوڵی مێژوویی و کلتوری و ئایینیان هەیە و هەرگیز ئەو پەیوەندیانە لەناو ناچن.

ئەمڕۆ سێشەممە ٢١ی٧ی٢٠٢٠، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە سەردانێک گەیشتە تارانی پایتەختی ئێران و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە کۆبووەوە.