لە پێنج ساڵدا بەهۆى بۆردومانەکانى تورکیاوە لە هەرێم 180 هاوڵاتى بوونەتە قوربانى

22/07/2020
فۆتۆ: فۆتۆ: چۆمان عەبدولڕەحمان

ڕێکخراوی CPT نێودەوڵەتی ژمارەى قوربانیانى بۆردومانەکانی تورکیا لە خاکى هەرێمى کوردستان ئاشکرا دەکات و رایدەگەیەنێت، لەماوەى پێنج ساڵدا 180 هاوڵاتى مەدەنى بەهۆى بۆردوومانەکانەوە شەهید و برینداربوون.

تیمى کوردستانىCPT  نێودەوڵەتی لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا وەڵامى لێدوانەکەى هاکان کاراجاى سەرۆک کۆنسوڵى تورکیا لەکوردستانى عێراق دایەوە دەربارەى ئەوەى کە ناوبراو رایگەیاندبوو ئەوان هەرگیز هیچ هاوڵاتیەکى مەدەنیان بە ئامانج نەگرتووە.

ئەو رێکخراوە لەساڵى 2007 وە کار دەکات بۆ بە بەڵگە کردنى کاریگەرى ئۆپەراسیۆنە سەربازیەکانى تورکیا بۆسەر گیانى و بژێوى هاوڵاتیانى مەدەنى لە کوردستاندا دەخوازێت تیشک بخاتە سەر لێدوانەکەى هاکان کارا جاى کە دورە لە راستیەوە.

CPT دەڵێت، لە ساتەوەختى راگەیاندنى هێرشى ئاسمانى سوپاى تورکیا بۆسەر خاکى هەرێم لە 15ى حوزەیران ئەمساڵ لە ژێر ناوى چنگى هەڵۆ و پەلامارى خاکڕەوى لە 17ى هەمان مانگ زیاتر لە شەش هاوڵاتى مەدەنى شەهیدبوون و چوار هاوڵاتى دیکەش بریندار بوون، سەربارى ئەوانەش چەندین رەزو باخى هاوڵاتیان بەهۆى بۆردومانەکانەوە سوتان و زیانیان بەرکەوت و مەترسى چۆڵبوون لەسەر چەندین گوند دروستبووە.

هەروەها لە 17ى حوزەیرانى 2020، لە ئەنجامى هێرشە ئاسمانیەکانى تورکیادا بۆسەر کوێستانەکانى خنێرە لە سیدەکان (حەباس مەغدید)ى تەمەن 30 ساڵ شەهیدکرا، کە شوانێکى کۆچەرى بوو، لە 19ى حوزەیرانیش لە بۆردومانێکى ئاسمانى تورکیادا پێنج هاوڵاتى کە بۆ وەرگرتنى پشوو  لەدواى کارکردنیان روویانکردبووە دۆڵى باڵندە لەنزیک شیلادزێ شەهیدکران.

CPT توانى ناوى چوار لەو شەهیدانە بە بەڵگە بکات، لە 20ى حوزەیرانى ئەمساڵیش فرۆکە بێفڕۆکەوانەکانى تورکیا دوکانێکى میوە فرۆشیان لەناوچەى کونەماسى بەئامانج گرت کە لەو کاتەدا ژمارەیەک خێزانى گەشتیار لەناوچەکە بوون لە ئەنجامدا هاوڵاتیەکى تەمەن 31 ساڵ قاچێکى لەدەستدا و قاچەکەى دیکەشى لەچەند شوێنێک شکا و پێویستى بە نەشتەرگەرى زۆر هەیە.

لە ئامارى رێکخراوەکەدا هاتووە، لە 10ى تەمموز لەدواى بەردانەوەى 26 بۆمب لەلایەن هێزى ئاسمانى تورکیاوە دانیشتوانى گوندى ئەڤلهە لە ناحیەى باتیفانى سەر بەقەزاى زاخۆ لە پارێزگاى دهۆک ناچار بوون گوندەکە بەجێبهێڵن، لە 11ى تەمووزیش

بە گوێرەى ئەو داتایانەش کە رێکخراوەکە کۆى کردوونەتەوە لە مانگى ئابى ساڵى 2015 وە تاوەکو ئیستا فڕۆکە جەنگیەکان و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان و تۆپخانەکانى تورکیا بوونەتە هۆى شەهیدکردنى 85 هاوڵاتى مەدەنى و بریندارکردنى زیاتر لە 95 هاوڵاتى مەدەنى دیکە، لەکۆى ئەو هاوڵاتیانەش کە شەهید بوون 15 کەسیان بەتەنها لە شەش مانگى یەکەمى ئەمساڵدا بوون .
داڕشتنەوە: شادان حەسەن