وەزیری کشتوکاڵ: پشتگیری تەواوی كارگەی دۆشاوی تەماتەی شارەزوور دەکەین
كارگەی بەرهەمهێنانی دۆشاوی تەماتەی شارەزوور
فۆتۆ: ئەرشیڤ
وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم رایگەیاند، پشتگیری تەواوی كارگەی بەرهەمهێنانی دۆشاوی تەماتەی شارەزوور دەکەن.
بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەماوەی رابردوو هەوڵەكانمان بەردەوامی هەبوو بۆ بەگەڕخستنەوەی كارگەی دۆشاوی تەماتەی شارەزوور، ئێستاش كاتێك بەگەڕخرایەوە جێگەی خۆشحاڵیە .
ئاماژەی بەوەشکردووە، حسێن حەمەكەریم، بەڕێوەبەری گشتی و وتەبێژی وەزارەت لەگەڵ ستار محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی كشتوكاڵی هەڵەبجە سەردانی كارگەكەیان كردووە و لەگەڵ خاوەنی كارگەكە گفتوگۆیان كردووە، پێمان راگەیاندن كە پشتگیری تەواوی ئەم كارگەیە دەكەین لە چوار چێوەی یاسا بەركارەكان .
بێگەرد تاڵەبانی داواشی لە جوتیاران کرد، هەماهەنگی بكەن بۆ پێدانی بەرهەمەكانیان بەكارگەكە و وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاویش هاوكاریانە .
ئەوەشی خستەڕوو، هەوڵەكانیان بەردەوامی دەبێت بۆ ساغكردنەوەی بەرهەمی جوتیاران بە دۆزینەوەی بازاڕ و دروستكردنی كارگە و ساردكەرەوە .
وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند، ئەمساڵ لەڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی توێژینەوە و رێنمایی كشتوكاڵی وەزارەتمان پێنج جۆر تەرزی تەماتە توێژینەوەی لەسەر كراوە و ئەنجامی سەرەتای توێژینەوەکە دڵخۆشكەرە.
|