پارێزگای هەولێر بۆ ئەنجامدانی قوربانی لە رۆژانی جەژن بڕیاریدا
پارێزگای هەولێر داوا لە هاووڵاتییان دەکات بۆ سەلامەتی تەندروستی، لە بەردەم دوکان، لەسەر شەقام، گەڕەک و کۆڵانەکان قوربانی نەکەن، بەڵكو ئاژەڵان ببەنە کوشتارگەکان لەوێ بکرێتە قوربانی.
لە ڕاگەیەندراوی پارێزگای هەولێردا هاتووە، ئەمرۆ سێشەممە 2025.6.3، بە سەرپەرشتى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر لە دیوانى پارێزگا، بە مەبەستى ئامادەکارى بۆ ڕۆژانى جەژنى قوربان کۆبوونەوەیەک ئەنجامدرا. لە کۆبوونەوەکەدا،وەک ئامادەکاریی بۆ جەژنى قوربان، لیژنەکانی قائیمقامییەتەکان و بازرگانی ڕاسپێردران لە نزیکەوە چاودێرى بازاڕ و نرخ و کوالێتى کەلوپەل و پێداویستییەکانى هاووڵاتییان بکەن.
ئاماژە بەوەشدەکات، لە تەوەرێکى ترى کۆبوونەوەکەدا، سەبارەت بە مەترسسییەکانى (تای خوێن بهربوون) کە نهخۆشییهكی ڤایرۆسی زۆر مهترسیداره بۆ سهر ژیانی مرۆڤ و له ڕێگهی ئاژهڵهوه بۆ مرۆڤ دهگوازرێتهوه گفتوگۆ کرا، لەو بارەیەشەوە داواکرا هاوڵاتییان بۆ سەلامەتى تەندروستى خۆیان و ماڵ و منداڵ و کەس و کاریان قوربانى لە بەردەم دوکان، سەر شەقام، گەڕەک و کۆڵانەکان نەکەن و ئاژەڵ لە کوشتارگەکان بە پشکنینى ڤێتەرنەرى سەرببڕدرێت و بکرێتە قوربانى.
سەبارەت بە ئامادەباشی هێزەکانی پۆلیس و ئاسایشى ناوخۆ لە ڕۆژانى جەژن و پاراستنى ئاسایش و ئارامى هەولێرى پایتەخت و سەر و ماڵ و گیانى هاووڵاتییان، کۆبوونەوە تەئکیدى لە گرتنەبەرى هەموو ڕێکارێکى پێویست لە یەکە کارگێڕی و ئیدارییەکان و هێزە ئەمنییەکان و تیمە تەندروستییەکان و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیان کردەوە.
لە کۆتاییدا، پارێزگاری هەولێر ئاماژە بەوەدا بۆ رۆژانى جەژن هەموو ئامادەکارییەک و ئاسانکارییەک بکرێت بۆ هاتنى گەشتیاران، لەوبارەیەشەوە بەرێوەبەرایەتى گشتیى گەشتوگوزارى هەولێر و بەرێوەبەرایەتى بازگەکانى ڕاسپارد ئامادەکارى تەواو بکەن لە چۆنییەتى پێشوازیکردنیان.
|