وەزارەتی نەوتی عێراق: حکومەتی هەرێم لە بە قاچاخ بردنەدەرەوەی نەوت بەرپرسە
وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، پێویستە دەستبەجێ هەرێمی کوردستان نەوت رادەستی عێراق بکات، دەشڵێت؛ حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بە قاچاخ بردنەدەرەوەی نەوت بەرپرسە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتی نەوتی عێراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە، جەخت لە پێویستیی پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دەستوور و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و یاسا کارپێکراوەکان دەکاتەوە و داوای دەستبەجێی رادەستکردنی نەوتەکەی دەکات.
ئاماژەی بەوەشکردووە، یاسای بودجە، حکومەتی هەرێمی کوردستانی پابەندکردووە بەرهەمی نەوتی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان رادەستی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ بکات، بۆ هەناردەکردنی و گەڕانەوەی داهاتەکەشی بۆ خەزێنەی گشتی.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، "پێشتر وەزارەت چەندین جار لە رێگەی نووسراوی فەرمی و شاندی تایبەتەوە بە شێوەیەکی بەردەوام و پەلە هەوڵی جێبەجێکردنی ئەمەی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان داوە، بەڵام بێ سوود بووە."
هۆشداری دەدات، کە بەردەوامبوون لە رادەستنەکردنی نەوت، زیانی گەورەی دارایی بە عێراق دەگەیەنێت و ناوبانگی نێودەوڵەتی و پابەندییەکانی نەوتی عێراق دەخاتە مەترسییەوە.
وەزارەتی نەوت ئاماژەی بەوەش کردووە، بەدواداچوون بۆ ئەو زانیارییانە دەکات کە باس لە بەردەوامیی پرۆسەی "بەقاچاخبردنی نەوتی هەرێمی کوردستان" دەکەن بۆ دەرەوەی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بە بەرپرسیاری یاسایی تەواو دەزانێت. جەختیشی کردووەتەوە مافی خۆیەتی سەرجەم رێکارە یاساییەکان بگرێتەبەر.
|