ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە

16/07/2025
فۆتۆ: 



دەقی راگەیەندراوی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی..

ئەمڕۆ (١٦-٧-٢٠٢٥) ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرپەرشتی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی ، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هۆڵی کۆبوونەوەکانی مەکتەبی سیاسی لە سلێمانی کۆبووەوە .

کۆبوونەوە تەرخانکرا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دواپێشهاتەکانی پرسی مووچەو گوزەرانی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان و دیاردەی دزێوی پەلاماردانی شوێنە جیاجیاکانی  کوردستان بە درۆن و بە ئامانجگرتنی دامەزراوە ئابوورییەکان .

سەرکردایەتی یەکێتی بە توندی ئیدانەی ئەو جۆرە رەفتارە دوژمنکارانەی کرد کە مەرام لێی زیان گەیاندنە بە ئاسایش و ئارامی و ئابووری وڵاتەکەمان و گوشارخستنە سەر قەوارەی هەرێم .

کۆبوونەوە داواشیکرد حکومەتی فیدڕاڵ بەرپرسیارێتی نیشتمانیی و رەسمی و دەستووریی خۆی راپەڕێنێت بەرامبەر ئەمنیەتی هاوڵاتیانی کوردستان و ئەوانەی هەڵدەستن بەو تاوان و پێشێلکاریانە رووبەڕووی دادگایان بکەنەوە و رێگا نەدەن درزی ئەمنی قووڵ بێتەوە.

بەشێکی تری کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی تەرخانکرا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دۆخی هەستیار و خراپی  ژیان و گوزەرانی کۆمەڵانی خەڵک،  بە تایبەت پێویستی رێککەوتن لەگەڵ بەغدا و دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران و بوژاندنەوەی بازاڕ و ئاوەدانی .
کۆبوونەوە تەئکیدی  لەسەر ستراتیژی کوردستانی و پێکەوەیی بۆ رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ کردەوە و دەستخۆشی لە هەوڵەکانی سەرۆک بافڵ و تیمی کوردستانی کرد لە چارەسەرکردنی ئەو پرسە. 

سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی وێڕای دەستخۆشی لەهەوڵەکانی چارەسەرکردنی کێشەی مووچە و ئومێدی سەرخستنی هەوڵەکان و پابەندبوونی هەموولایەک پێوەی روونیکردەوە ئەوەی بەدەست هاتووە بەرهەمی یەکڕیزی و پێکەوەیی هەڤاڵانی سەرکردایەتیی یەکێتییەکەمانە کە پشتیوانمانن و دەستکراوەیان کردووین بۆ داکۆکی زیاتر لە ویست و گوزەرانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان. ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد بە پێکەوەییمان و یەکڕیزمان لە هەرێم دەتوانین داکۆکی لە شایستە داراییەکانی خەڵکەکەمان بکەین و ئارامی و ئاسایشی وڵاتەکەمان باشتر بپارێزین . 

کۆبوونەوە هەروەها چەند پرسێکی تری سیاسی تاوتوێکرد و هەڵسەنگاندیان بۆ کرا