"سلێمانی داهاتی خۆی بۆ بەغداد رادەستکردووە"
سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاشکرای کردوە ،" لە داهاتی سلێمانی بڕی (48ملیار) دیناری داهاتی مانگی پێنج رادەستی بانکی ناوەندیی هەرێم کراوە"
سەرچاوەیەک لە شاری سلێمانی رایگەیاندوە، "لە داهاتی سلێمانی بڕی (48ملیار) دیناری داهاتی مانگی پێنج رادەستی بانکی ناوەندیی هەرێم کراوە، بۆ ئەوەی وەکو پشکی سلێمانی لە داهاتی ناوخۆ رادەستی بەغداد بکرێت".
ناردنی داهاتی سلێمانی لە کارێکدایە، بەپێی دواین رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ، هەرێم بۆ ئەوەی مانگانە موچەی فەرمانبەرانی وەربگرێت، دەبێت رێژەی 50%ی داھاتی نانەوتیی بۆ بەغداد بگەڕێنێتەوە، بۆ ئەمەش بڕی 120ملیار دیناری مانگانە وەکو سەرەتایەک بە نیوەی داھاتی نانەوتیی ئەژمارکراوە، دابینکردنی رێژەی 40%ی ئەم داهاتە دەکەوێتە ئەستۆی ئیدارەی سلێمانی.
بەپێی رێککەوتنەکەی هەولێر و بەغداد، جگە لە رادەستکردنی داهاتی نانەوتیی، بەگوێرەی رێککەوتنەکە دەبێت بەر لە ناردنی موچە، حکومەتی هەرێم نەوتی خۆی رادەستی (سۆمۆ) بکات، کە ئەمە ئێستا کێشەی بۆ دروستبووە.
سەرچاوە: درەو
|