سودانی: جەخت لە پابەندبونی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەینەوە بە رادەستکردنی بەرهەمهێنانی نەوت
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، محەمەد شیاع سودانی، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە وەزیری دەرەوەی ئەمریکاوە پێگەیشت و "سودانی پاڵپشتی عێراق بۆ هەوڵەکانی سەقامگیری ناوچەکەو رێککەوتنەکانی ئاگربەست و راگرتنی دوژمنکارییەکان دووپات کردووەتەوە".
نوسینگەی سودانی دەڵێت، لە پەیوەندییە تەلەفونییەکەدا ئەم پرسانە تاوتوێ کراون:
دەزگا ئەمنییەکان لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی چاودێری سەرچاوەی هێرشەکانی ئەم دواییە دەکەن بۆ سەر دامەزراوە نەوتییە گرنگەکان لە هەرێمی کوردستان و لە پارێزگاکانی سەڵاحەدین و کەرکوک.
سودانی سەرسوڕمانی خۆی دەردەبڕیووە کە ئەم هێرشانە هاوکات بووە لەگەڵ رێککەوتنی سەرەتایی نێوان وەزارەتی نەوت و کۆمپانیا ئەمریکییەکان کە لە هەرێم کار دەکەن، بۆ وەبەرهێنان کردن لە چەند کێڵگەیەکی نەوتی لە کەرکوک و سەڵاحەدین.
خستنەڕووی یاسای حەشدی شەعبی لە ئەنجومەنی نوێنەران، بەشێکە لە پرۆسەی چاکسازی ئەمنی کە حکومەت پیادەی دەکات.
هێزەکانی حەشدی شەعبی دامەزراوەیەکی سەربازیی فەرمی عێراقە و لەژێر دەسەڵاتی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکاندا کاردەکات.
سودانی جەختی لە پابەندبونی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکاتەوە بە رادەستکردنی بەرهەمهێنانی نەوت و داهاتە نانەوتیەکان بۆ خەزێنەی گشتی، لە رێگەی بڕیارەکەی ئەم دواییەی ئەنجومەنی وەزیرانەوە.
سودانی جەختی لە دیدگای ئابوری عێراق و گرنگی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت کردووەتەوە لە ڕێگەی بۆری عێراق و تورکیاو راگرتنی هەموو جۆرەکانی قاچاغ و کارێکی نایاسایی کە کاریگەری لەسەر سامانی نەوت هەیە.
|