وەزیری پێشووی دادی عێراق: رێککەوتنی نەوتیی نێوان بەغدادو هەولێر کاتییە
وەزیری پێشووی دادی عێراق مەترسی گەورە لەسەر رێککەوتنی هەولێر و بەغداد ئاشکرا دەکات و دەڵێت: رێککەوتنی نەوتیی نێوان هەولێر و بەغداد کاتییەو رەگ و ریشەی ناکۆکییە گەورەکانی چارەسەر نەکراوە
حەسەن شەمەری، وەزیری پێشووی دادی عێراق رایگەیاند: رێککەوتنی نەوتیی نێوان بەغداد و هەولێر چارەسەرێکی کاتییەو پەیوەندی بە قۆناغەکەوە هەیە کە عێراق لەبەردەم هەڵبژاردندایەو، پێویستی بە هێورکردنەوەی دۆخەکەیە.
شەمەری لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی "العھد" باسی لەوەشکردوە: رێککەوتنەکە رەگ و ریشەی ناکۆکییە گەورەکانی نێوان هەردوولا چارەسەر نەکردووە، ئاماژەی بە ئەگەری بوونی فشاری ئەمریکاش کرد، کە بەشداربووە لە ئەنجامدانی رێککەوتنەکەدا.
لە درێژەی قسەکانیدا شەمەری ئەوەشی وتوە: بەرپرسانی هەرێم شارەزان لە قۆستنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەمریکا بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوت لە بەغداد.
دەشڵێت: کورتهێنانی دارایی ئێستای عێراق راستەقینەیە نەک گریمانەیی و، قەبارەی قەرزە ناوخۆییەکانیش گەیشتووەتە ٤٧ ترلیۆن دینار.
روبەڕوبونەوەی خێرای گەندەڵیشی بەکارێکی زۆر قورس ناوبردووەو وتوشەیەتی: کاریگەری دەرەکی هەندێک لە هێزە سیاسییەکانی ناچارکردووە لە دانیشتنی یاسای حەشدی شەعبی بکشێنەوە.
|