وەزیری پێشوی بەرگری عێراق: ئامۆژگاری هێزە سیاسییەکان دەکەم ژیر بن؛ مەترسی ئامادەیە و نزیکە لێمانەوە

27/07/2025
فۆتۆ: 

وەزیری پێشوی بەرگری عێراق مەترسییەکی گەورە لەسەر عێراق ئاشکرا دەکات و دەڵێت: واشنتۆن خوێن و پارەی پێشکەش کردووە بۆ سەقامگیرکردنی دەسەڵات لە عێراق، ترەمپ بایدن نییە و دەبێت ئاگاداری ئەوە بین

جومعە عیناد، وەزیری پێشوی بەرگری عێراق دەڵێت:  هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر عێراق نزیکبوو، گوندەییەکانی سەدام و بڕنەوەکەی هیچ سودی نەبوو، بۆیە ئامۆژگاری هێزە سیاسییەکان دەکەم ژیر بن، مەترسی ئامادەیە و نزیکە لێمانەوە.

باسی لەوەشکردوە:  داعش ئامادەیە، ١٣ هەزار چەکدار لەودیو سنورەوە هەن، هەشت هەزار دیل لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە دەستبەسەرکراون، ٥٠ هەزاریش لە کەمپی هۆلن، کارتی داعش تەنها بۆ هەڕەشەکردن لە عێراق دروستکراوە نەک تورکیا و سوریا.

وتیشی:هاوپەیمانی نێودەوڵەتی زۆر شتیان پێشکەش بە عێراق کردووە، لەبەرچاو نەگرتنی چاکە شەرمەزارییە، ئێرانییەکانیش لەکاتی شەڕی داعشدا هەندێک کەرەستەیان بۆ عێراق دابینکرد، بەڵام بەپارە، ئێستا سوپای پاسداران داوای ٢١ ملیۆن دۆلاری شەڕی داعش لە عێراق دەکات.

وەزیری پێشوی بەرگری عێراق هێمای بۆ ئەوەشکردوە: واشنتۆن خوێن و پارەی پێشکەش کردووە بۆ سەقامگیرکردنی دەسەڵات لە عێراق، ترەمپ بایدن نییە و دەبێت ئاگاداری ئەوە بین، ئەمریکا نایەوێت بە ئاسانی دەستبەرداری رژێمی ئێستا بێت لە عێراق.

جەختیشکرد لەوەی، هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر عێراق نزیک بوو ئامانجەکانیشی دیاریکرابوون بوون، بەڵام فشار خرایە سەر ئەمەریکا بۆ ئەوەی رێگری لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر عێراق بکات، ئێستا ئەمەریکا و ئیسرائیل دەیانەوێت عێراق هەڵەیەک بکات، ئاماژەکانیش بوونیان هەیە.