روانگەی ئیکۆ عێراق: بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێم گەیشتووەتە 120 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا
روانگەی ئابوری "ئیکۆ عێراق" ئاشکرای دەکات کە بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێم گەیشتووەتە 120 هەزار بەرمیل لە رۆژێکداو پێشبینی دەکات تا کۆتایی مانگی ئابی داهاتوو، تێکڕای بەرهەمهێنان بگاتە 280هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا
روانگەی ئابوری "ئیکۆ عێراق" ئەمڕۆ سێشەممە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە: بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان بۆ 120هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا بەرزبووەتەوە، دوای ئەوەی بەهۆی کردنە ئامانجی کێڵگە نەوتییەکانی لە ماوەی رابردوودا بۆ 81هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا دابەزی.
ئاماژەی بەوەشداوە: لە ئەنجامی ئەو هێرشانەی کە ژێرخانی نەوتیان کردە ئامانج، بەرهەمی هەرێم بۆ81 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا دابەزی، بەڵام لە چەند رۆژی رابردوودا بوژانەوەی بەخۆیەوە بینیوەو، بەرهەمهێنان بۆ نزیکەی 120هەزار بەرمیل بەرزبووەتەوە.
روانگەکە لە راگەیەدنراوەکە ئەوەشی وتووە: پێشبینی دەکرێت تا کۆتایی مانگی ئابی داهاتوو، تێکڕای بەرهەمهێنان بگاتە 280 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، ئەم ئاستە نزیکە لە ئاستی بەرهەمهێنانی پێش هێرشەکان.
لە کۆتایدا دەڵێت: تا ئێستا هیچ رێککەوتنێک لە نێوان وەزارەتی نەوت و هەرێم نەکراوە، سەبارەت بە کاتی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە کوردستانەوە.
|