فوئاد حسێن: ئاوارەکردن و برسیکردنی فەلەستینیەکان لە غەززە رەتدەکەینەوە
وەزیری دەرەوەی عێراق لەبارەی پرسی غەزەوە هەڵوێستی وڵاتەکەی رادەگەیەنێت و دەڵێت: ئاوارەکردن و برسیکردنی فەلەستینییەکان لە غەززە رەتدەکەینەوە و پێویستە شەڕ لە غەززە رابگیرێت و رێگە بە چوونە ناوەوەی هاوکارییەکان بدرێت.
فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، لەمیانی پێشکەشکردنی وتاری عێراق لە کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان، سەبارەت بە چارەسەری ئاشتیانەی پرسی فەلەستین ئاماژەی بەوەدا: پێویستە شەڕ لە غەززە رابگیرێت و رێگە بە چوونە ناوەوەی هاوکارییەکان بدرێت.
ئەوەشی راگەیاند: ئاوارەکردن و برسیکردنی فەلەستینییەکان لە غەززە رەتدەکەینەوە، ئاشتییەکی دادپەروەرانە لە ناوچەکەدا بە پێشێلکردنی مافەکانی گەلی فەلەستین بەدی نایەت.
وەزیری دەرەوەی عێراق باسی لەوەشکرد: ئاشتییەکی دادپەروەرانە تەنیا بە دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەلەستین بەدی دێت، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەشێوەیەکی دووپێوانیەی مامەڵە لەگەڵ پرسی فەلەستین دەکات.
جەختیشی لەوەکردوە: داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین بەرپرسیارێتی ئەخلاقی لە بەرامبەر پێشێلکارییە بەردەوامەکانی زایۆنییەکان هەڵبگرێت.
|