مشعان جبوری: هەر پەرلەمانتارێكی سوننە و كورد بەشداری دانیشتنی تێپەڕاندنی یاسای حەشدی شەعبی بکەن، ئەمریکا سزایان دەدات
فەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەمڕۆ خشتەی دانیشتنی رۆژی شەممەی داهاتووی ئەنجومەنی بڵاوكردووەتەوەو پرۆژە یاسای حەشدی شەعبی نەخراوەتە ناو بەرنامەی كاری دانیشتنەکەوە، ئەوە لە کاتێکدایە، لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمان، رۆژی سێشەممەی رابردوو رایگەیاند: یاساکە ئامادەیە بۆ دەنگدان و، رەوانەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کراوە بۆ تێپەڕاندنی.
پێشتر هەندێك لە كوتلە سیاسییەكان جەختیانكردەوە، پرۆژەكە لە ریزبەندی پێشەوەی بەرنامەی کاری دانیشتنی داهاتوودا دەبێت، نەبوونی پرۆژە یاساكە لە خشتەی دانیشتنی پەرلەماندا، ئەو دەنگۆیانە پشتڕاستدەكاتەوە كە باس لە فشارى سياسى دەكەن لەسەر حکومەت و هێزە سیاسییەکان، سەبارەت بەو یاسایە مشتومڕاوییە، کە هەفتەی رابردوو واشنتۆن بە ئاشکرا دژی وەستایەوە.
مشعان جبوری، كەسایەتی سیاسی، لە چاوپێكەوتنێكدا دەڵێت، ئەگەر هێزە سیاسیەكان یاسای حەشدی شەعبی تێپەڕنن لە پەرلەمان، ئەوا عێراق روبەڕوی سزای توندی ئابوری دەبێتەوە، كە زیانی گەورە بە هاوڵاتیانی عێراق دەگەیەنێت.
جبوری راشیگەیاندووە: هەر پەرلەمانتارێكی سوننەو كورد دەنگ بە پرۆژە یاسای حەشدی شەعبی بدەن، روبەڕوی سزا دەبنەوە نەك تەنها لەلایەن ئەمریكاوە، بەڵكو لەلایەن وڵاتە هاوپەیمانەكانیشی.
لای خۆیەوە، یاسر وتوت، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق بە رۆژنامەی "العربي الجدید" راگەیاندووە: یاسای حەشدی شەعبی لە بەرنامەی کاری دانیشتنی رۆژی شەممەدا نييە، بەهۆی نەبوونی رێککەوتنی سیاسی.
لەبارەی بەیاننامەكەی كە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا كە رۆژی (23) ی ئەم مانگە بڵاوكرایەوەو، تیایدا تێپەڕاندنی یاسای حەشدی رەتکردەوە، وتی: ئەم بابەتە بە پلەی سەرەكی رێگری لە پەسەندکردنی پرۆژە یاساکە کردووە، هەموو ئەو هۆکارانەش رەنگە ببنە هۆی دواخستنی پرۆژە یاساکە بۆ خولی داهاتووی پەرلەمان، بۆ ئەوەی رێگە لە قۆستنەوەی یاساکە بگيرێت بۆ هەر مەبەستێکی هەڵبژاردن بەكاربهێنرێت.
|