عێراق وردەکاریی ڕێککەوتنە ئەمنییەکەی لەگەڵ ئێران بۆ ئهمریكا ڕوندهكاتهوه
ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، وردەکاریی ڕێککەوتنە ئەمنییەکەی نێوان عێراق و ئێران، بۆ هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵوێزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا ئاشکرادەکات و دەڵێت: ڕێککەوتنە بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاسایشی سنوورەکانە و ڕێگریکردن لە قاچاخچێتی و دزەکردن.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق لە نوسینگەکەی پێشوازی لە هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵوێزخانەی ئەمەریکا لە عێراق، ستیڤن ڤەیگن کرد.
ئاماژە بەوەکراوە، لە میانی دیدارەکەدا باسیان لە ڕێگاکانی پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و گرنگی بەردەوامی هاوکاری هاوبەش لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و ئاڵوگۆڕی زانیاری و شارەزایی کرد.
لای خۆیەوە، ئەعرەجی پێداچونەوەی بە وردەكارییەكانی یاداشتنامەی لێكتێگەیشتنی ئەمنیی عێراق و كۆماری ئیسلامیی ئێران كردوە كە سەبارەت بە كۆنتڕۆڵكردنی سنورەكان واژۆ كراوە، كە بەشدارە لە پاڵپشتیكردنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەكە و ڕێگریكردن لە قاچاغچێتی و دزەكردن.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق دووپاتی كردوەتەوە كە سیاسەتەكانی عێراق بە ڕێنمایی بەرژەوەندییە نیشتمانییە باڵاكانی و وەك دەوڵەتێكی سەربەخۆ و خاوەن سەروەری كاردەكەن و جەختیشی لەوەكردەوە كە حكومەتی عێراق پەیوەندی هاوسەنگ لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە و جیهان پەیڕەو دەكات و سیاسەتی كراوەیی دیپلۆماسی بەرامبەر بە وڵاتانی دۆست و برا پەیڕەو دەكات.
لای خۆیەوە ستیڤن ڤەیگن پاڵپشتی ئەمریکای بۆ سیاسەتەکانی حکومەتی عێراق لە پەیوەندییە ناوخۆیی و دەرەکییەکانیدا دووپاتکردەوە، ئەو هەوڵانەی لە گەڕانەوەی ئاوارەکان و پلانەکانی چاکسازییان بەرزنرخاند.
|