ئەمریکا هێزەکانی لە ئەنبار و بەغدا دەکشێنێتەوە و لە هەولێر جێگیریان دەکات

17/08/2025
فۆتۆ: 

سەرچاوەیەک لە حکومەتی عێراق ڕایگەیاند، پڕۆسەی کشانەوەی تەواوەتی هێزەکانی ئەمریکا لە بەغداوه‌ بەرەو هەولێر، لە مانگی ئەیلولی داهاتوودا دەستپێدەکات، ئەوەش وەک جێبەجێکردنی رێککەوتنی نێوان بەغدا و واشنتۆن.

ئەمڕۆ یەکشەممە، سەرچاوەیەک لە حکومەتی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ میدیا عەرەبییەکان رایگەیاند، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد و فڕۆکەخانەی بەغدا و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان دەکشێتەوە و روو لە هەولێر دەکات. 
دەشڵێت، ڕاهێنەرە سەربازییەکان لە وڵاتدا دەمێننەوە و پەیوەندییان بە کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە نییە.

لە هەمان کاتدا، هەردوو رۆژنامەی (العربی الجدید) و (الشرق الاوسط) راپۆرتێکی هاوشێوەیان بڵاوکردووەتەوە، سەبارەت بە دەستپێکردنی کشانەوە و گواستنەوەی کەلوپەلی سەربازیی ئەمریکی لە بنکەی عەین ئەسەد لە ڕۆژئاوای عێراق، وەک یەکەم هەنگاوی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی عێراق و ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە ئەیلوولی 2025، لە کاتێکدا هێزەکان تا ئەیلوولی 2026 لە هەولێر و هەرێمی كوردستان دەمێننەوە.