روونکردنەوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابورییەوە
وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێم لە ڕوونکردنەوەیەکدا بڵاویکردەوە؛
پاڵپشت بە بڕیاری دادگا و دوای تەواو کردنی سەرجەم ڕێکارە یاسایی و کارگێڕییەکان لەلایەن فەرمانگەی تۆمارکردنی خانووبەرەی سلێمانی و فەرمانگەی جێبەجێکردنی سلێمانی دەستگیرا بەسەر موڵکەکانی کۆمپانیای نالیا و چاڤی لەبەرامبەر قەرزەکانی بانکە بازرگانییەکانی سەر بە وەزارەتی دارایی ، بەڵام وەک تێبینی دەکرێت لە هەندێک کەناڵی ڕاگەیاندن و دەزگای میدیایی بەبێ هەبوونی زانیاری دروست و بەڵگەی یاسایی هەواڵی ناڕاست بڵاو دەکرێتەوە و تەفسیری جیاواز بۆ بابەتەکە دەکرێت ، بۆیە بەپێویستمان زانی لە ڕێگای ئەم ڕوونکردنەوەیە بەرچاوڕوونی زیاتر بۆ ڕای گشتی و میدیاکان بخەینەڕوو.
١- بابەتی دۆسیەی قەرزەکانی کۆمپانیای نالیا و چاڤی بابەتێکی یاساییە و پاش یەکلایی بوونەوەی داواکە لە دادگا لەبەرژەوەندی وەزارەتمان و تەواوکردنی سەرجەم ڕێکارە یاسایی و کارگێڕییەکان لە بەرامبەر کۆمپانیای نالیا و چاڤی ، وە دوای بڵاوبوونەوەی ئاگاداری فرۆشتن لە وادەی دیاریکراودا لە ڕۆژنامە، فرۆشتنی سەرجەم موڵکە دەست بەسەرداگیراوەکان لە پڕۆسەی زیادکردنی ئاشکرا بەڕێوەدەچێت.
٢- ئەو موڵکانەی کۆمپانیای نالیا و چاڤی کە پێشتر دەستی بەسەرداگیراوە بەپێی وێنەی تۆمار بەناوی کۆمپانیای نالیا و کۆمپانیای چاڤییەوە تۆمارن وە لەبەر ئەوەی پێشتر قەرزەکان بەناوی ئەو دوو کۆمپانیایەوە وەرگیراون ، بەپێی یاسا هەموو کۆمپانیایەک کەسایەتی واتایی (معنوی) هەیە ، هەر بۆیە ڕێکاری یاسایی بەرامبەر کۆمپانیا دەگیرێتەبەر نەک تاکەکەس، وە گۆڕینی خاوەندارێتی کۆمپانیا کاریگەری نابێت لەسەر کەسایەتی واتایی کۆمپانیا و ئەو قەرز و پابەندییانەی لە ئەستۆی ماوەتەوە.
٣- مێژووی وەرگرتنی قەرزەکانی کۆمپانیای نالیا و چاڤی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی (٢٠١٠ ، ۲۰۱۱ ) کە ماوەی گەڕانەوەی قەرزەکە تەنها دوو ساڵ بووە ، دوای چەندین جار ئاگادارکردنەوە هەردوو کۆمپانیای ناوبراو ئامادە نەبوون قەرز و سوودەکانی لەکاتی خۆی بگەڕێننەوە ، لەساڵی ۲۰۱٥ وە ئەم دۆسیەیە لە دادگا كاری لەسەر دەكرێت تاوەکو دواجار لە ساڵی ۲۰۲۱ دۆسیەکە لە بەرژەوەندی وەزارەتی دارایی یەکلایی بووەوە و ڕێکاری یاسایی پێویست گیرایەبەر .
٤- لەبەرامبەر وەرگرتنی قەرزەکانیان کۆمپانیای نالیا و چاڤی بەدەر لەیاسا بارمتەکانیان چەند جارێک گۆڕیبوو، دواین جار چوار پارچە زەویان وەک بارمتەی قەرزەکە دانابوو کەدووجار یاسا شکێنی تیا کرا بوو ، یەکەم ئەو زەویانە لەبنەڕەتدا سەوزایی و خزمەتگوزاری و شەقام بوون لە ناو ئەو پرۆژەیەی قەرزەکەی بۆ وەرگیرابوو، کەئەوەش مافی خاوەندارێتی بۆ شارەوانی دەگەڕێتەوە لەڕووی یاساییەوە بەهیچ جۆرێک نافرۆشرێت و ناخرێتە زیادکردنی ئاشکراوە، دووەم ئەو خەمڵاندنەی بۆ نرخی ئەو زەویانە کرابوو چەند هێندەی نرخی بنەرەتی زەویەکان بوو ، دوای هەوڵدانێکی زۆرو کاری چڕو پڕ هەموو ئەو پێشێلکارییە یاساییانە ڕاست کرانەوەو دۆسیەکە لەلایەن دادگاوە پلەی کۆتایی وەرگرت و نیشانەی گلدانەوە لەسەر موڵکەکان دانراو داوا لەفەرمانگەی جێبەجێکردن کرا ڕێکاری پێویست بۆ فرۆشتنی موڵکەکان بەشێوەی زیادکردنی ئاشکرا بگرێتە بەر، لەنێو سەدان موڵکی کۆمپانیای نالیا و چاڤی (٦٠ ) موڵک دەستنیشان کران کە سەرجەمیان شایستەی فرۆشتنن بەپێی وێنەی تۆمار .
دووپاتی دەکەینەوە وەزارەتی دارایی پاڵپشت بە بڕیاری دادگا و بەپێی بەڵگەنامە یاساییەکان کار لەسەر دۆسیەکان دەکات ، بۆیە بەپێی یاسا و بڕیاری دادگا سەرجەم ئەو لایەن و کۆمپانیایانەی قەرزاری بانکەکانی وەزارەتن و لەکاتی خۆی پابەند نەبوون بەگەڕانەوەی قەرزەکان، سەرجەمیان ڕێکاری یاسایی و ئیداریان بەرامبەر گیراوەتەبەر و دەست بەسەر ئەو موڵکانە گیراوە کەکاتی خۆی وەک بارمتە لەبری وەرگرتنی قەرزەکە دایان ناوە، لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوشدا توانراوە بەبەهای زیاتر لە ( ١١٠،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠ ) سەدو دە ملیار دینار دەست بەسەر موڵکی خاوەن قەرزەکان بگیرێت و لەسەر وەزارەت تۆمار بکرێت، هەروەها بڕی زیاتر لە ( ٢٥،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠ ) بیست و پێنج ملیار دیناریش قەرز بەشێوەی کاش گەڕێنراوەتەوە بۆ خەزێنەی گشتی.
|