هه‌سه‌ده‌: هێرشێکی چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشقمان تێکشکاند

11/09/2025
فۆتۆ: 

هێزه‌كانی سوریای دیموكرات (هه‌سه‌ده‌) له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، "هێزەکانمان بە ئیراده‌وه‌ ڕوبەڕوی هێرشی دزەکردن و تۆپخانە بونەوە کە لەلایەن گروپە له‌ یاسا ده‌رچوه‌كانی سەر بە حکومەتی دیمەشقەوە لە ناوچەی دێرحافەر دەستیپێکرد و بەتەواوی پوچەڵیان کردەوە".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكروه‌، "بەرپرسیارێتی تەواوی ئەو هێرشانە لە ئەستۆی ئەو لایەنەیە کە لە ڕێگەی پێشێلکارییە دوبارەکانەوە کە هەڕەشە لە سەقامگیری گشتی دەکەن، دەستپێشخەری پەرەسەندنەکەی کردوە، هاوکات هێزەکانمان دڵنیایی دەدەنە سەرجەم دانیشتوان کە دۆخەکە لەژێر کۆنتڕۆڵی تەواودایە و بەردەوام ئامادەکارییان هەیە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی هەر پێشێلکارییەکی نوێ".

له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتوه‌، "هێزەکانمان جەخت لەسەر پابەندبونیان بە ئەرکی نەتەوەیی خۆیان دەکەنەوە بۆ بەرگریکردن لە خاک و پاراستنی گەل، هەروەها هەر هەوڵێکی دیکە بۆ دەستدرێژیکردن ڕوبه‌ڕوی وەڵامێکی پتەو له‌لایه‌ن هێزه‌كانمان دەبێتەوە".