دەزگای ئاسایشی هەرێم: لەسەر زانیاری ئێمە دوو بازرگانی ماددەی هۆشبەر بە 142 کیلۆگرام کریستاڵەوە لە سعودیە دەستگیر کران
بەهاوکاری دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان دوو بازرگانی گەوەری ماددەی هۆشبەر لەسعودیە دەستگیرکران، هاوکات وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "ئەو ئۆپراسیۆنە لەسەر بنەمای زانیارییەکانی ئێمە بوو لە بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی مادەهۆشبەرەکان".
عەباس بەهادلی، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لەپەیامێکی ڤیدیۆیدا ئاماژەی بەوەدا: بە سەرپەرشتی راستەوخۆی وەزیری ناوخۆ و دوای هاوکاری و هەوڵی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان لەپارێزگای سلێمانی، توانراوە دوو بازرگانی گەورەی نێودەوڵەتی ماددەی هۆشبەر لە شاری مەدینەی سعودیە دەستگیر بکرێن، عەباس بەهادلی راشیگەیاندووە دوای هەماهەنگییەکی باڵا لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەری سعودیە، توانراوە دەست بەسەر ١٤٢ کیلۆگرام مادەی کریستاڵی شل لەناو ئۆتۆمبێلی تۆمەتبارەکاندا بگیرێت.
عەقید سەلام عەبدولخالق، وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: ئەو ئۆپراسیۆنە لەسەر بنەمای زانیارییەکانی ئێمە بوو لە بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی مادەھۆشبەرەکان.
ئاماژەی بەوەشکرد: ئەو دوو کەسە خەڵکی پارێزگای سەڵاحەدینن، پێکەوە خاوەنی کۆمپانیای تایبەت بە حەج و عومرەن و نزیکەی شەش ساڵە خەریکی بازرگانی مادەی هۆشبەرن لە نێوان عێراق، سعودیە، تورکیا و چەند وڵاتێکی کەنداو کە لە رێگەی پاسەکانی تایبەت بە حەج و عومرەوە ماددەکانیان گواستووەتەوە بۆ سعودیە.
عەقید سەلام عەبدولخالق وتیشی: ئەو بڕە کریستاڵە شلەی دەستی بەسەردا گیراوە لە نێو یەکێک لە پاسەکاندا بووە و بایی ملیۆنێک و ٢٧٠هەزار دۆلارە. وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئەوەشی وت: لە وڵاتی سعودیەوە داوایان کرد نوێنەرێک لەبەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکانی سەر بە دەزگاکەمان بچێتە ئەو وڵاتە، بۆ هاوکاریکردنیان لە لێکۆڵینەوە لەو دۆسیەیە و دۆسیەکانی دیکەی پەیوەست بەو بازرگانییانە.
|