دانەغاز: توانای بەرهەمهێنانمان لە کێڵگەی کۆرمۆر٢٥٠ بە رێژەی ٥٠٪ بەرزکردووەتەوە
کۆمپانیای داناغاز و نەوتی ھیلال بەرزکردنەوەی توانای بەرهەمهێنان لە کێڵگەی کۆر مۆر٢٥٠ بە ڕێژەی ٥٠٪ رادەگەیەنن پێش وادەی دیاریکراوی خۆی، کارەکانی هەڵکەندن و بونیادنان و کارپێکردن هەشت مانگ پێش وادەی دیاریکراو تەواو بوون.
کۆمپانیای داناغا، رایگەیاند: زیادکردنی ٢٥٠ ملیۆن پێ سێجا غازی ستاندارد لە رۆژێکدا بۆ توانای ئێستای پرۆسێسکردنی غاز، بەمەش کۆی توانای کێڵگەی کۆر مۆر دەگاتە ٧٥٠ ملیۆن پێ سێجا ستاندارد لە رۆژێکدا، کۆی وەبەرھێنانی پڕۆژەکە یەک ملیارو (١٠٠) ملیۆن دۆلاری ئەمریکییە.
ئاماژەی بەوەشداوە: ئەم فراوانکردنە دەبێتە هۆی زیادبونی بەرچاوی داهاتەکان و پاڵپشتی بەرهەمهێنانی کارەبا لە سەرانسەری عێراقدا، لە پڕۆژەکەدا زیاتر لە شەش هەزار تۆن پۆڵاو ٦.٢ ملیۆن کاتژمێر کاری تیادا کراوە، ئەمەش وایکردووە ببێتە یەکێک لە گەورەترین پڕۆژەکانی ژێرخانی وزەی کەرتی تایبەت لە عێراق لەم ساڵانەی دواییدا.
دەشڵێت: غازی بەرهەم هێنراو لە پرۆژەی کۆر مۆر ٢٥٠ بەشدار دەبێت لە دابینکردنی زیادبونی خواستی وزە لە هەرێمی کوردستانی عێراق و سەرتاسەری وڵات، دامەزراوە نوێیەکە ڕۆژانە نزیکەی ٧ هەزار بەرمیل کۆندێنسێت و ٤٦٠ تۆن LPG بەرهەم دەهێنێت، ئەمەش بەرهەمهێنانی ڕۆژانەی ئێستای ١٥ هەزار و ٢٠٠ بەرمیل کۆندێنسێت و ١٠٧٠ تۆن LPG بەرز دەکاتەوە.
|