قوباد تاڵەبانی لەگەڵ باڵیۆزی فەڕەنسا کۆبووەوە
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران پێشوازیکرد لە پاتریک دۆرێل، باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق و پێکەوە لەبارەی پێکهێنانی هەردوو حکومەتی داهاتووی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ و چەند پرسێکی دیکەی جێی بایەخی هەردوولا گفتوگۆیان کرد.
لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا، باس لە پرۆسەی سیاسیی عێراق لە دوای هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران و گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەتی فیدراڵ کرا. قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا کە دەبێت حکومەتی داهاتووی عێراق گرنگی بە پرۆسەی گەشەپێدان و هەمەچەشن کردنی ئابووریی عێراق بدات و زەمینەی گونجاو بڕەخسێنێت بۆ پەرەپێدانی وەبەرهێنانی ناوخۆیی و بیانی لە هەموو کەرتەکان و لە هەموو ناوچە جیاوازەکانی عێراق.
جەختیشی کردەوە کە ئەرکی هەردوو حکومەتی داهاتووی عێراق و هەرێمی کوردستانە کێشەکانی نێوانیان بە شێوەیەکی بنەڕەتی و بەپێی دەستور چارەسەر بکەن و پێکەوە کاربکەن بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و گەشەپێدانی ئابووریی عێراق و کوردستان.
سەبارەت بە دۆخی ناوخۆی هەرێم و پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی هەرێمیش، قوباد تاڵەبانی روونیکردەوە کە حکومەتی داهاتووی هەرێم دەبێت بەپێی پرەنسیپی هاوبەشیی راستەقینە پێک بهێنرێت. وتیشی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەشداری لە حکومەتێکدا ناکات کە بەبێ جیاوازی خزمەتی هەموو شار و ناوچەکانی کوردستان نەکات.
|