بۆردی راگه‌یاندنی یه‌كێتی: عه‌لی حه‌مه‌ساڵح و تیمه‌كه‌ی دوای چركاندنی چه‌ند سێڵفیه‌ك و لێدوانی چه‌واشه‌كارانه‌ چه‌مچه‌ماڵیان جێهێشت

12/12/2025
فۆتۆ: 

بەشی هەڵسەنگاندن و بەدوواداچونی بۆردی راگەیاندنی یەكێتی لە ڕوونکردنەوەیەکدا لەسەر قسەکانی عەلی حەمەساڵح دەڵێت، "ناخت ئەوەندە رەشە كە نەتانتوانی لە چەچەماڵ سەردانی تەنها یەك تیم لەو دەیان تیمانە بكەن كە چوار رۆژە لەو قەزایە شەونخونی دەكەن و سەرقاڵی پاككردنەوە و نەهێشتنی ئاسەواری لافاوەكە و چونییەتی رێگریكردنن لە دووبارە بوونەوەی ئەو كارەساتە سروشتییە".

روونكردنەوەیەكی كورت و پێویست لەسەر قسە چەواشەكاری و بێ ناوەڕۆك و بێ کردارەکانی عەلی حەمەساڵح:
دوای تێپەڕبوونی چوار رۆژ بەسەر لافاوەكەی سنووری چەمچەماڵ و ئەو كارەساتە سروشتییەی كە زیانێكی یەكجار زۆری بەهاووڵاتیان و دامودەزگا حكومییەكانی ناوچەكە گەیاندووە، ئەوجا بەڕێز عەلی حەمەساڵح و تیمەكەی تەشریفیان بردە قەزای چەمچەماڵ و دوای چركاندی چەند سێڵفییەك و لێدوانێكی چەواشەكاریانە چەمچەماڵیان بەجێ هێشت!!!.
لەسەر چەواشەكارییەكانی کاک عەلی كە دەڵێت: (ئەوەی میدیای دەسەڵات (یەكێتی) باسی دەكات هیچی راست نییە)، بەپێویستمان زانی ئەم خاڵانە بخەینەڕوو:
١- كاكە عەلی، یان چاوەكانت كزن و پێویستیت بە دروستكردنی چاویلكەی تەندروستی هەیە، ئەگینا چۆن ئەو دیمەنانە نابینی كەهەر لەیەكەم رۆژی كارەساتەكەوە تیمی یەكێتی لەحكومەت بەسەرۆكایەتی هەڤاڵ قوباد تاڵەبانی مەیدانیانە لەگەڵ خەڵكی چەمچەماڵدان و لەسەر بڕیاری سەرۆك بافڵ تاڵەبانی-ش هەرچی توانای حزبی هەیە شانبەشانی تیمی حكومی لەهەوڵی كەمكردنەوەی ئازارەكانی خەڵكی ناوچەكەدان .
٢- ئەگەر چاوەكانت كزنین ، ئەوا ناخت ئەوەندە رەشە كە نەتانتوانی لە چەچەماڵ سەردانی تەنها یەك تیم لەو دەیان تیمانە بكەن كە چوار رۆژە لەو قەزایە شەونخونی دەكەن و سەرقاڵی پاككردنەوە و نەهێشتنی ئاسەواری لافاوەكە و چونییەتی رێگریكردنن لە دووبارە بوونەوەی ئەو كارەساتە سروشتییە.
٣- هەر زوو هەڤاڵ قوباد تاڵەبانی لەبەردەم میدیاكاندا رایگەیاند: (كە كەسانی كەمتەرخەم سزادەدرێن و قەرەبووی زیانلێكەوتوانی لافاوەكەش دكرێتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش چەند لیژنەیەك پێكهێنراون و لیژنەكان خەریكی جێبەجێكردنی ئەركەكانی خۆیانن)، كەچی جەنابت تازە بەتازە دێیت و خۆت دەكەیت بە خەبیری لافاوی سروشتی و لە پێش كۆتاییهاتنی ئەنجامی لیژنەكان هەوڵی چەواشەكاری دەدەیت !!!. قسەیەكی كوردەواری هەیە دەڵێت: (ئەگەر هیچت پێنەكرێت، یان هیچی لێنەزانیت، بێدەنگی هەڵبژێریت باشترە).
٤- هاوپیشەكانت (پەرلەمانتارانی یەكێتی) دوورلە سێڵفیگرتن بۆ ماوەی چوار رۆژە لەناو قوڕ و لیتەی پاش لافاو شانبەشانی تیمەكان و وەكو نوێنەرانی راستەقینەی خەڵكی ناوچەكە سەرقاڵی یارمەتیدانی هاووڵاتییان و پاككردنەوەی ماڵی هاووڵاتیانن و چەمچەماڵیان بەجێنەهێشتووە، بۆیە ئەگەر بەڕاست خۆت بەنوێنەری خەڵك دەزانیت، دەبووایە هاوشێوەی پەرلەمانتارانی یەكێتی لە یەكەم رۆژی كارەساتەكەوە بچیتە چەمچەماڵ و لەگەڵ خەڵكی لێقەوماودا بمێنیتەوە و واز لە سێڵفی گرتن و لێدوانی بێ كردار بهێنیت، نەك بۆ ماوەی چوار رۆژ لەدوورەوە و لەڕێی میدیاو سۆشیاڵ میدیاوە سەیری دیمەنەكانی ئەو كارەساتە سروشتییە بكەیت.
٥ - وەلێ ئەگەر دەتەوێت لە کاتی روودانی کارەساتێکی پڕ ئازاری وەکو لافاوەکەی چەمچەماڵ بۆ مەرامی هەڵبژاردن و کۆکردنەوەی دەنگ کە هێشتا چوارساڵی ماوە لەسەر سۆزی هاوڵاتیان کاربکەیت ، ئەوە زۆر دورە لەئاکاری سیاسی و ئینسانی .
٦- لە کۆتایدا دەڵێین ئەگەر ئێوە و هاوئاوازەکانتان ئیرادەو نیەتی یارمەتیدانی لایەنە پەیوەندیدارو خەڵکی لێقەوماوتان نییە، هیچ نەبێ هەوڵی دووبەرەکی نەدەن وازبێنن با لایەنە پەیوەندیدارەکان بتوانن ئەرکەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن . نەک بیر لە جێبەجێکردنی مەرامێکی شاراوە بکەنەوە کە ببێتە هۆی ئاڵۆزترکرنی دۆخی ناوچەکە و لاوازکردنی ئیرادەی چارەسەرکردنی کێشەکان .
بەشی هەڵسەنگاندن و بەدوواداچونی بۆردی راگەیاندنی یەكێتی