دوای 22 ساڵ کارکردن یونامی ماڵئاوایی لە عێراق دەکات
یونامی کۆتایهاتنی کارەکانی لە عێراق راگەیاندو بە فەرمی پەڕاوەکانی ڕادەستکردنەوەی بارەگاکانی لە بەغداد واژۆ کرد
یونامی لە بڵاوکراوەیەکدا ڕایگەیاند،کلاودیۆ کوردۆنی، جێگری نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سیاسی و یارمەتیدان لە هەڵبژاردنەکان، بە نوێنەرایەتیی نێردەکە پەڕاوەکانی تایبەت بە ڕادەستکردنەوەی بارەگاکانیانی لە بەغداد بە حکومەتی عێراق واژۆ کردووە.
یونامی، ئەم هەنگاوەی بە دەرخەری کاری هاوبەشی چەند مانگی ڕابردوو لەگەڵ حکومەتی عێراق وەسف کردووە. ئاماژەی بەوەش داوە کە ئەمە گۆڕینی شێوازی پەیوەندییەکانە لە "نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە" بۆ "وەرزێکی نوێی پەیوەندیی هاوبەش".
ڕادەستکردنەوەی بارەگاکان بەشێکە لە جێبەجێکردنی بڕیاری ژمارە ٢٧٣٢ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، کە بڕیارە لە ٣١ـی کانوونی دووەم خولی کارەکانی یونامی لە عێراق بە فەرمی کۆتایی پێ بێت.
مێژووی یونامی لە عێراق دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠٠٣ (بڕیاری ١٥٠٠) و فراوانکردنی دەسەڵاتەکانی لە ٢٠٠٧ (بڕیاری ١٧٧٠). پڕۆسەی کۆتاییهێنان بەم نێردەیە دوای ئەوە ھات کە لە ئایاری ٢٠٢٤، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە نامەیەکدا بۆ سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، داوای کرد کۆتایی بە کارەکانی یونامی بهێنرێت.
|