بافڵ جەلال تاڵەبانی بۆ سودانی؛ لە ناردنی مووچە پەلە بکرێت
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عیراق لە بەغداد کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە نزار ئامێدی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و د. خالید شوانی، وەزیری دادی عیراق بەشداربوون، جەخت لە یەکخستنی هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز کرایەوە کە دیدگاکەی خزمەتکردنی خەڵک و بەهێزکردنی پایەکانی دەوڵەتداری بێت.
بافڵ جەلال تاڵەبانی داوای لە محەمەد شیاع سودانی کرد لە ناردنی مووچە پەلە بکرێت و مافی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بپارێزرێت. لای خۆیەوە، سەرۆکوەزیرانی عیراق پابەندبوونی بە رێککەوتنەکان دووپاتکردەوە و وتی، جەخت لە پاراستنی مافی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکەینەوە.
|