هەسەدە: گروپەكانی سەر بە دیمەشق هێرشێکی توندیان بۆ سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە دەستپێكردوە
هێزەكانی سوریای دیموكرات ڕایگەیاند، گروپەكانی سەر بە حکومەتی دیمەشق هێرشێکی توندیان بۆ سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیەی كوردنشین لە شاری حەلەب دەستپێكردوە و خەڵك و دانیشتوانی ئەو دوو گەڕەکە و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بەردەوامن لە بەرەنگاربوونەوەی ئەم دەستدرێژییە.
ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی سوریای دیموكرات - هەسەدە لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، گروپەكانی سەر بە حکومەتی دیمەشق بە چەکی قورس و مامناوەند هێرشێکی توندیان بۆ سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیەی كوردنشین لە حەلەب دەستپێكردوە، دوای ئەوەی خاڵێکی پشکنینی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆیان لە حەلەب کردە ئامانج.
ئاماژەی بەوەشكردوە، دانیشتوان و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بەرەنگاری هێرشەکە بونەتەوە و هەموو رێکارێکی پێویست بۆ پاراستنی خۆیان دەگرنەبەر و ئۆباڵی تەواوی بەرپرسیارێتەی هەر ڕوداوێكی نەخوازراو دەخەنە ئەستۆی حكومەتی سوریا.
|