حه‌یده‌ر عه‌بادی: ئاماده‌م پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران وه‌ربگرمه‌وه‌

24/12/2025
فۆتۆ: 

حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشوتری عێراق و سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی نه‌سڕ له‌لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا ڕایگه‌یاند، لە ڕووی دەروونی و واقیعیەوە، ئامادەم پۆستی سەرۆك وەزیران وەربگرم، توانای بەڕێوەبردنی پۆستەکەم هەیە، لە بارودۆخێکی خراپتر لە دۆخی ئێستا لە ساڵی 2014دا ئەو پۆستەمان بەدەستەوە بوو، سەرکەوتووش بووین.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، لە میدیاکان باس لەوە دەکرێت من کاندیدێکی دیارم بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران، بەڵام نازانم کێ ئەوە بڵاودەکاتەوە، من کاندیدم، بەڵێ، بەڵام مشتومڕ و گفتوگۆ لەسەر ئەوە هەیە، ئایا سەرۆک وەزیرانێكی پێشوو بهێنرێتەوە یان سەرۆک وەزیرانی نوێ هەڵبژێردرێت.

راشیگەیاند، عێراق لە قەیرانێکی دارایی راستەقینەدایەو پێویستی بە چاکسازی راستەقینە هەیە، دۆخی نێودەوڵەتیش سەخت و ناجێگیرە، پێویستی بە بەڕێوەبردنی ژیرانە هەیە.