مەزڵوم عەبدی: لەگەڵ دیمەشق گەیشتینە لێکتێگەیشتنی هاوبەش بۆ تێکەڵکردنی هێزەکان
فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند، لەگەڵ دیمەشق بۆ تێکەڵکردنەوەی هێزە سەربازییەکان گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتن، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە دەبێت چارەسەر لە سوریا لامەرکەزی بێت.
مەزلوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە لە میانی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی دەستەی راوێژکاری بۆ پشتیوانیی لیژنەی دانوستان لە باکور و رۆژھەڵاتی سوریا رایگەیاند، "سەبارەت بە تێکەڵکردنەوەی هێزە سەربازییەکان بەپێی بەرژەوەندیی گشتی، گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتنی هاوبەش".
لە درێژەی قسەکانیدا، عەبدی وتیشی: "پێمانوایە چارەسەر لە سوریا دەبێت لامەرکەزی بێت و خەڵکی ناوچەکە خۆیان ئیدارەی ناوچەکانیان بدەن لە چوارچێوەی دەستووردا".
جەختی لەسەر ئەوەشکردەوە، "پرسە دەستوورییەکان کاتیان دەوێت بۆ ئەوەی بگەنە چارەسەرێک هەموو سوریا بگرێتەوە، بەڵام لە بابەتە سەرەکییەکاندا بۆچوونەکان لێک نزیکن".
سەبارەت بە دەروازەکان و سامانە سروشتییەکان، فەرماندەی گشتیی هەسەدە ئاشکرای کرد، پێشکەوتن هەیە لە دروستکردنی دیدگایەکی هاوبەش بۆ دەروازە و سنوورەکان و سامانە سروشتییەکانیش (نەوت و گاز)هی هەموو سورییەکانن.
|