سەرۆکوەزیرانی عێراق: بەهۆی زیادبوونی خەرجییەکان، عێراق ڕووبەڕووی کورتهێنانی دارایی بووەتەوە

26/12/2025
فۆتۆ: 

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، عێراق ڕووبەڕووی کورتهێنانی دارایی بووەتەوە، بەهۆی زۆری خەرجییەکانی حکومەت لەگەڵ سنووردارکردنی داهاتەکانی. دەشڵێت، هیوادارن ناچار نەبن کە بە خێرایی جێبەجێکردنی پڕۆژەکان ڕابگرن.

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە وتارێکدا ڕایگەیاندووە، کورتهێنانی بودجە کاریگەری لەسەر هەموو کەرتەکانی دەوڵەت هەیە، جەختیشی لەوە کردەوە کە چارەسەرەکان بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە هەن، بەڵام پێویستیان بە کات و لێکتێگەیشتنە".

سودانی ئاماژەی بەوەشکردوە "ئێمە ڕووبەڕووی ئاستەنگ دەبینەوە، هیوادارین ناچار نەبین کە بە خێرایی جێبەجێکردنی پڕۆژەکان ڕابگرین یان دوابخەین. لەگەڵ ئەوەشدا پێویستمان بە بەڕێوەبردنێکی دارایی دروست هەیە کە پارەکان ئاراستەی پڕۆژە گرنگەکان بکات، ئەولەویەتیان پێبدات بەپێی ڕێژەی جێبەجێکردنیان".

ئاماژەی بەوەشکرد، "هەموو کۆمپانیا و بەڵێندەرەکانی کەرتی تایبەت پاڵپشتی و هاوکاری ئێمەیان هەیە"، دەشێت، "بەڵام دەبێت خۆیان لەگەڵ ئەم بارودۆخەشدا بگونجێنن، چونکە کورتهێنانی بودجە کاریگەری لەسەر هەموو کەرتەکانی دەوڵەت هەبووە. چارەسەر هەیە، بەڵام ئەم چارەسەرانە پێویستیان بە کات و لێکتێگەیشتن و سەبر هەیە بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە".