دانیشتنی چارەنووسساز نزیک دەبێتەوە؛ لە ماوەی 24 کاتژمێردا سوننه‌كان بڕیارده‌ده‌ن
لەگەڵ نزیکبوونەوەی یەکەمین دانیشتنی په‌رله‌مانی عێراق لە کردنەوەی دەرگاکانی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان، هێزە سیاسییە سوننەکان هاوتەریب کاردەکەن بۆ کەمکردنەوەی گرژیی و پێشكه‌شكردنی كاندیدی سوپڕایز لەناو هۆڵی په‌رله‌ماندا، ده‌یانه‌وێت به كۆده‌نگی كاندیدی سه‌رۆكی په‌رله‌مان دیاریبكه‌ن.
عەبدولخالق عەزاوی، ئه‌ندامی خولی پێشووی په‌رله‌مانی عێراق له پشكی هاوپەیمانیی سیادە به سه‌رۆكایه‌تی خه‌میس خه‌نجه‌ر، ڕایگه‌یاند، هێزە سوننەکان بە یەک کاندید بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق به‌شداری دانیشتنه‌كه ده‌كه‌ن و له خولی یه‌كه‌مدا یه‌كلایی ده‌كه‌نه‌وه.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ئەنجومەنی سیاسی نیشتمانی کە هێزە سوننەکانی عێراق لەخۆدەگرێت، بەردەوامە لە ئەنجامدانی کۆبونەوەکانی لە بەغدا لە ڕێگەی نوێنەر و سەرکردەی بلۆکەکانەوە، لەگەڵ چاوەڕوانی ئەنجامدانی کۆبونەوەیەکی گرنگ 24 کاتژمێر بەر لە یەکەم دانیشتنی په‌رله‌مانی عێراق، بەمەبەستی یەکلاکردنەوەی نەخشەڕێگای لێکتێگەیشتن.
ده‌شڵێت، ئه‌و "لێکتێگەیشتنانە بریتین لە ڕێککەوتن لەسەر یەک کاندید کە نوێنەرایەتی هێزە سوننەکان دەکات بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان، بەوپێیەی شایستەیەکی دەستورییە بۆ پێكهاته‌ی سوننه‌كان، له ئێستا دو كه‌س كێبڕكێ ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ببنه كاندید كه پێكهاتون له موسه‌ننا سامەڕایی و محەمەد حەلبوسی".
|