فراکسیۆنی یەکگرتوو؛ هەر ڕێکارێکی یاسایی و پێویست بێت، دەیگرینەبەر بۆ پێدانی مووچەی مانگەکانی 11 و 12

28/12/2025
فۆتۆ: 

فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، بەداخەوە دیسان بۆ جارێکیتر مووچەخۆرانی هەرێم کرانە قوربانی ململانێی نێوان حکومەتی ئیتحادی و حکومەتی هەرێم ، وە لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان دەستکەوتی سیاسی و پۆستی حکومی پێش بەرژەوەندی هاوڵاتیان خرا، دەبوو لەبری ئەو هەموو هەڵپە و هاتوچۆ بۆ بەغدا و پێشوازی لە وەفدی لایەنەکان، بۆ جارێکیش لە خەمی هاوڵاتیان و مووچەخۆرانی هەرێم بونایە.

دەشڵێت، دەسەڵاتدارانی هەرێم بێ خەمن لە مووچەی هاوڵاتیان و  ساڵانە چەندین مووچە بە داهێنانی ناوی نوێ دەفەوتێنن بەناوی ،پاشەکەوت و لێبڕین و خۆگونجاندن و نەدان.....هتد

باس لەوەشدەکات،  پێویستە لایەنە براوەکانی هەڵبژاردن مووچە و  ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم لە ئێستادا بکەنە ئەولەویەت لەدانوستانەکان و هەوڵبدرێت. هەموو لایەنەکان بە مەرجی پێدانی مووچە و مافە دەستووریەکان و شایستە داراییەکان و هەروەها مووچەی مانگی 11,12  دەنگ بە کاندیدەکان و بەشداری لە حکومەتی ئیتیحادی بکەن. لە فراکسیۆنی یەکگرتوو هەر ڕێکارێکی یاسایی وپێویست بێت دەیگرینەبەر بۆ پێدانی ئەو دوو مووچە لە ساڵی ٢٠٢٦