رێباز حەملان: مێژوو سەلماندویەتی ماڵباتی بارزانی و پارتی خوای گەورەو میللەت و چیاکانی کوردستانی لە پشتە

30/12/2025
فۆتۆ: 

دوای ئەوەی شەوی رابردوو کاندیدی پارتی بۆ بەدەستهێنانی پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دووجار شکستی هێنا و نەیتوانی سەرکەوتوبێت، رێباز مەحلان دەڵێت، "بۆ هەموو لایەک رونبوەوە ئەو حزبە بچوکانەی بە پارەی هەندێ لایەنی بەغدادو هەرێم دروستکراون وەک بوکەڵە بەکاردەھێنرێن".

رێباز حەملان، یاریدەری سەرۆکی حکومەتی ھەرێم، رایگەیاند: بۆ هەموو خەڵک روونبوەوە ئەو حیزبە بچوکانەی کە بەپارەی هەندێ لایەنی بەغداد و بەپشتیوانی لایەنی تری هەرێم دروستکراون، وەک بوکەڵە بەدەست ئەم لایەن و ئەولایەن بەکار دەهێنرێن ئامانجەکەی دیاربوو، بۆ سەپاندنی سیستمی مەرکەزیەت و لاواز کردنی هەرێمی کوردستان بە لێدان لە کاندیدەکانی پارتی بۆ پۆستە باڵاکانی عێراق. 

ئاماژەی بەوەشداوە: هەموو لایەنەکانی عێراق و وڵاتانی جیرانیش دەزانن تەنها و تەنها پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغداد بەرگری لە مافە دەستورییەکانی هەرێم و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان و مافەکانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم دەکات، وەفدی پارتی بەفەرمی مەرجەکانی خۆی بە لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی وتووە کە دەبێت مافە دەستورییەکانی هەرێم بچەسپێنرێت و جێ بەجێ بکرێت.

جەختیشدەکات: ئەوەی شەوی رابردوو لە پەرلەمانی عێراق رویدا گەلە کۆمەکێی هەندێ لایەنی کوردە کە دەستەمۆی هەندێ لایەنی عێراقین بۆ دژایەتیکردنی پارتی کە یەکسانە بە دژایەتی کردنی گەلی کوردستان و هەرێمی کوردستان، بەڵام مێژوو سەلماندویەتی ماڵباتی بارزانی و پارتی خوای گەورەو میللەت و چیاکانی کوردستانی لە پشتە ئیرادەی پارتی ئیرادەی میللەتێکی زوڵم لێکراوە بە هیچ زاڵمێک نەشکێنراوەو ناشکێنرێت … چاوەرێ بن.