دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار کرایەوە
ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە رەسمی کردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتنی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار راگەیاند و ئەو مەرجانەشی دیاریکرد کە دەبێت لە کەسی کاندیددا هەبن.
بەپێی راگەیەندراوێکی ئەنجومەنی نوێنەران کە پشتی بەستووە بە مادەکانی (٢ و ٣) لە یاسای ژمارە (٨)ـی ساڵی ٢٠١٢ (یاسای حوکمەکانی خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار)، ئەو کەسانەی ئارەزوی خۆپاڵاوتنیان هەیە و مەرجەکانیان تێدایە، دەتوانن سەردانی فەرمانگەی یاسایی لە ئەنجومەنی نوێنەران بکەن.
وادەی پێشکەشکردنی داواکارییەکان لە سەعات ٩ـی بەیانی بۆ ٣ـی پاشنیوەڕۆ دیاریکراوە لەم رۆژانەدا:
ئەمڕۆ چوارشەممە (٣١-١٢-٢٠٢٥).رۆژانی یەکشەممە و دووشەممەی هەفتەی داهاتوو (٤ و ٥ـی ١ـی ٢٠٢٦).
مەرجەکانی خۆ کاندیدکردن بۆ سەرۆک کۆمار:
بەپێی یاسا، کاندید دەبێت ئەم مەرجانەی تێدابێت:
بە ڕەچەڵەک عێراقی بێت و لە دایک و باوکێکی عێراقی بێت.
تەمەنی ٤٠ ساڵی تەواو کردبێت و خاوەنی توانای یاسایی تەواو بێت.
خاوەنی ناوبانگێکی باش و ئەزمونی سیاسی بێت و بە دەستپاکی و دادپەروەری و دڵسۆزی بۆ نیشتمان ناسرابێت.
لانی کەم بڕوانامەی زانکۆی هەبێت و لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاوە دانپێدانراو بێت.
بە هیچ تاوانێکی ئابڕوبەر (مخلە بالشرف) حوکم نەدرابێت.
رێوشوێنەکانی دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری نەیگرێتەوە.
خوازیاران دەبێت داواکاری نوسراو بە ھاوپێچی بەڵگەنامە رەسمییەکان و ژیاننامەی خۆیان (C.V) پێشکەش بکەن و پسوڵەی وەرگرتنی داواکارییەکە وەربگرن.
|