نوخشە ناسیح: پلانی تۆکمەمان بۆ ساڵی 2026 داڕشتووە
نوخشه ناسیح پارێزگاری هەڵەبجە بە وەکالەت لهپهیامێكدا، بە پشت بەستن بە ماستەرپلانێکی ورد و زانستی، پلانی تۆکمەمان بۆ ساڵی 2026 داڕشتووە. دەمانەوێت ساڵی داهاتوو ساڵی "کار و ئەنجام" بێت، لە بواری تەندروستی و پەروەردەو کشتوکاڵ و پیشەسازی و گەشتیاری ...هتد.
نوخشه ناسیح پارێزگاری هەڵەبجە بە وەکالەت ڕاگەیاند، لەکاتێکدا پێشوازی لە ساڵی نوێ دەکەین، بە شانازییەوە ئاوڕ لە ساڵی ڕابردوو (٢٠٢٥) دەدەینەوە، کە بۆ هەڵەبجە و مێژووەکەی ساڵێکی وەرچەرخان بوو. لەو ساڵەدا و لە ڕێکەوتی (١٤ی نیسانی ٢٠٢٥)، دوای چاوەڕوانییەکی زۆر، مەرسوومی کۆماری دەرچوو و هەڵەبجە بە فەرمی و وەک (١٩)ـهەمین پارێزگای عێراق ناسێندرا. ئەم دەسکەوتە تەنها گۆڕینی ناو و ناونیشان نییە، بەڵکو وەرچەرخانێکی مێژووییە بۆ بەدەستهێنانی شایستە دارایی و ئیدارییەکان و جێگیرکردنی پێگەی شارەکەمان لە نەخشەی سیاسی و ئابووریی عێراقدا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئێمە وەک ئیدارەی پارێزگا، بە پشت بەستن بە ماستەرپلانێکی ورد و زانستی، پلانی تۆکمەمان بۆ ساڵی (٢٠٢٦) داڕشتووە. دەمانەوێت ساڵی داهاتوو ساڵی "کار و ئەنجام" بێت، لە بواری تەندروستی و پەروەردەو کشتوکاڵ و پیشەسازی و گەشتیاری ...هتد، لەسەر ئەم بنەمایانە:
١. پەروەردە و پێگەیاندن: گرنگیدان بە فێرکاریی پیشەیی و بەستنەوەی توانای گەنجان بە بازاڕی کارەوە.
٢. ژێرخانی ئابووری: جێبەجێکردنی پڕۆژە ستراتیژییەکان، چاکسازی لە ڕێگاوبان و هاندانی کەرتی وەبەرهێنان بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی کار.
٣. کشتوکاڵ و گەشتیاری: سوودوەرگرتن لە سروشتی دڵڕفێنی ناوچەکەمان بۆ بووژاندنەوەی ئابووریی ناوخۆیی.
4.بووژانەوەی کەرتی تەندروستی "بۆ ساڵی نوێ، یەکێک لە لەپێشینەترین کارەکانی ئیدارەی پارێزگا، بووژانەوەی کەرتی تەندروستییە، لە ساڵی ٢٠٢٦دا، بەجۆرێك هەڵەبجە ببێتە خاوەنی سیستەمێکی تەندروستیی پێشكەوتوو.
هەموو ئەم پلانانەش بۆ ئەوەیە کە هەڵەبجە ببێتە ناوەندێکی چالاک لە بواری ئابووری و وەبەرهێنان، بە پاراستنی ناسنامەی ڕەسەن و کلتووری دەوڵەمەند و سروشتی سەرسوڕهێنەری.
باسی لەوەشکردووە، ئەم نەخشە ڕێگایە، بە پشتیوانی حکومەتی هەرێم و حكومەتی عێراقی فیدراڵ و بە هاوبەشی و یارمەتی هەموو هاوڵاتیان، ڕێکخراوەکان و سەرمایەدارانی نیشتمانی و سیاسیەکان. ئەنجام ئەدرێت بۆیە بانگێشتی هەموو کەسێک دەکەم کە دەتوانێ بە هەر شێوەیەک بێت، لە زانین و ئەزموون ، هاوبەشی لەم گۆڕانکارییە مێژووییەدا بکات. هەروەها داوا لە فەرمانبەرانی حکوومەت دەکەم بەئەوپەڕی دڵسۆزیەوە بەردەوام بن، تا ئەم هیوایە بەزووترین کات بهێنینە دی.
دەشڵێت، لەم بۆنەیەدا، سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدانی نەمرمان دادەنوێنن، ئەوانەی بە خوێنی خۆیان ئەم پێگەیەیان بۆ ئێمە دروست کرد. بەڵێن دەدەین کە شەونخونی بکەین بۆ ئەوەی هەڵەبجە بکەینە نموونەی شارێکی ئاوەدان و پێشکەوتوو. داواکارم لە هەموو لایەک، لە حکومەت، کەرتی تایبەت و هاووڵاتییان، کە بە گیانی یەکترقبوڵکردن و دڵسۆزییەوە شان بدەنە بەر بەرپرسیارێتییەکان، تا داهاتوویەکی گەش بۆ نەوەکانمان مسۆگەر بکەین
|