نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ عێراق لەیەکەم رۆژی ساڵی نوێدا هەڕەشە لە عێراق دەکات

01/01/2026
فۆتۆ: 

بەبۆنەی ساڵی نوێ وە مارک ساڤایا، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ عێراق، پەیامێکی تووندی بڵاوکردەوە، تیایدا ئاماژە بەوە دەکات، لە ساڵی نوێدا کار دەکەن بۆ کۆتاییهێنان بە ناسەقامگیری، بەقاچاخبردن و تاڵانیی سامان، نایەکسانی، گەندەڵی، دڵەڕاوکێ ناوخۆیی و دەرەکییەکان و کۆتاییهێنان بە میلیشیا چەکدارەکان.

نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ عێراق، دەڵێت "ئەم گوتانەم ئاڕاستەی ئەو کەسانەیە کە لە خاکی عێراق گەندەڵی بڵاودەکەنەوە، پێیان دەڵێم: "سەردەمی ئێوە کۆتاییهات و ئێستا سەردەمی عێراق و عێراقییەکانە".

مارک ساڤایا، جەخت لەوە دەکاتەوە، عێراق و ئاڵاکەی بەرز دەبن و دەبنە سەرچاوەی شانازیی هەموو عێراقییەکان، دەشڵێت: "هێشتا لە سەرەتای رێگاکەداین".

لە پەیامی پیرۆزبایی ساڵی نوێ دا چەند خاڵێک دەخاتەڕوو و دەڵێت، کار لەسەر کۆتاییهێنانیان دەکەین، ئەوانیش زوڵم، نایەکسانی، هەژاری، نەزانی، بێکاری، لاوازیی خزمەتگوزاری، فێڵی یاسایی، پارە سپیکردنەوە، گرێبەستی وەهمی، قاچاخچێتی، گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی وڵات و چەندین خاڵی دیکەن.

ساڤایا دەڵێت، هێز و خۆڕاگریی ئێوە، سەرچاوەیەکی هیوابەخشن بە جیھان، دووپاتیدەکاتەوە کە ساڵی نوێ هەلی باشتر و سەقامگیری و داهاتوویەکی گەشاوەتریان بۆ سەرجەم عێراقییەکان پێدەبێت، ئاماژە بەوەشدەکات، لە ساڵی نوێدا لەگەڵ حکومەتی عێراق، بەگوێرەی دەستوور و یاساکانی عێراق، داهاتوویەکی گەشاوە بۆ عێراق و عێراقییەکان دابیندەکەن.