لە وانی باکوری کوردستان تابلۆی کوردی قەدەغەکراوە
سەرۆکی گەورەشارەوانیی بە قەییوم دانراو بۆ پارێزگای وان لە باکووری کوردستان، تابلۆی دایەنگەی"پەپوولە"ی هێنایە خوارەوە کە بە زمانی کوردی بوو، لە شوێنی ئەو، تابلۆیەکی بەزمانی تورکی هەڵواسی.
دایەنگەی پەپوولە، لە ساڵی ٢٠١٥ لەلایەن گەورەشارەوانیی سەر بە هەدەپەوە کرایەوە و وەک یەکەم دایەنگەی کوردی لە مێژووی پارێزگای واندا تۆمارکرا. تابلۆی دایەنگەکە، بەزمانی کرمانجی لەسەری نووسرابوو (پەرپەرۆک - Perperok) واتا پەپوولە، لابرا و لە شوێنی ئەو تابلۆی "دایەنگە و ناوەندی چاودێریی رۆژانە" هەڵواسرا.
پێشتر و لە ساڵی ٢٠١٦، قەییوم بۆ شارەوانییەکە دانراو تابلۆی دایەنگەکەی هێنایە خوارەوە و لە شوێنی ئەو تابلۆیەکی تورکی هەڵواسی.
دوای ئەوەی لە هەڵبژاردنی ٢٠٢٤دا پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) گەورەشارەوانیی وان-ی بەدەستهێنایەوە، تابلۆ کوردییەکە جارێکی تر هەڵواسرایەوە. بەڵام ئەمجارەش قەییوم، هەمان کاری دووبارە کردەوە و تابلۆ کوردییەکەی هێنایەوە خوارەوە.
|